توركیا گروپێكی دیكەی چەكدارانی سوری بۆ شەڕی ئەرمینیا گواستەوە

  2020-10-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توركیا گروپێكی دیكەی لە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوری رەوانەی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا كرد و بەوەش كۆی چەكدارە سوریەكان گەیشتە سەروی دوو هەزار كەس.


روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، توركیا زیاتر لە 400 كەسی لە چەكدارەكانی گروپی سوڵتان موراد و گروپی هەمزەی سوریای بۆ ئازەربایجان گواستوەتەوە بۆ ئەوەی لەدژی ئەرمینیا بەكاریان بهێنێت. 

روانگەی سوری كە ناوەندەكەی لە وڵاتی بەریتانیایە راشی گەیاندووەبەوەش كۆی ژمارەی چەكدارە سوریەكان لە ئازەربایجان گەیشتووەتە 2050 كەس و لەبەرامبەر وەرگرتنی زیاتر لە 1500 دۆلار لەلایەن توركیاوە براونەتە هەریەكە لە لیبیا و ئازەربایجان بۆ شەڕكردن. 

بە گوێرەی زانیاریەكانی رێكخراوەكە بردنی ئەو گروپەی چەكدارانی سوری بۆ شەڕی ئەرمینیا بەكارهێنانیانە لەبەرەیەكی دیكەی شەڕەكە بە ناوی هەرێمی ئەرتساخ، ئەوەشی روونكردووەتەوە تا ئێستا لەو شەڕەدا 134 كەس لەو چەكدارانە كوژراون كە تەرمی 92 كەسیان گەڕێندراوەتەوە بۆ وڵاتەكەیان. 

توركیا بۆ بەرژەوەندی خۆی لە هەریەكە لە سوریا و لیبیا و ئەرمینیا ئەو چەكدارانە بەكار دەهێنێت، تا ئێستاش حاشا لە بەكار هێنانی ئەو چەكدارانە دەكات لە شەڕی ئازەربایجان دژی ئەرمینیا. 


ڕیکلام