وردەکاری کۆبوونەوەی نێوان شاندی عێراق و فەرەنسا لەپاریس

  2020-10-19  | 
دیداری نێوان مستەفا کازمی و جان کاستیکس سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق وردەکاری دیدارەکەی لەگەڵ جان کاستیکس هاوتا فەرەنسیەکەی ئاشکراکرد.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی کازمی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ کازمی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە پاریسی پایتەخت گفتوگۆکانی دەستپێکرد، کە ژمارەیەک لە وەزیرانی هەردوو وڵات تیا ئامادەبوون.

بەگوێرەی بەیاننامەکە لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی ڕێگاکانی گەشەپیدانی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزکردنیان لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان و ئاسایش و تەندروستی.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی بارودۆخی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەو ڕەوەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، کازمی جەختیکردووەتەوە لە بایەخی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە زۆرێک لە بوارەکاندا، بەشێوەک حکومەتی عێراق لە هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆیەتی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش  ببنیات نرابێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت عێراق بگێڕدرێتەوە بۆ دۆخی نێودەوڵەتی لەوەبەری.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا جەختیکردووەتەوە لەوەی فەرەنسا سورە لەسەر پشتیوانیکردنی عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا.



ڕیکلام