نەبوونی ئەنسۆلین هەڕەشە لە ژیانی سەدان هەزار نەخۆشی ئێران دەکات

  2020-10-19  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نەبوونی ئەنسۆلین لە ئێران ژیانی سەدان هەزار کەسی لە تووشبوانی نەخۆشی شەکرە خستووەتە مەترسییەوە، ئەویش بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە هاوردەکردنی قورس بووە.

محەمەد رەزا شانە ساز سەرۆکی دامەزراوەی دەرمان و خۆراکی ئێران ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا پێداویستییەکانی نەخۆشەکانی شەکرە لە ئەنسۆلین دابین دەکرێت.

ئاشکراشیکرد بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا دابینکردن و هاوردەکردنی قورس بووە.

لە لایەکی ترەوە جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، بەم نزیکانە بەگوێرەی ژمارەی نیشتیمانی ئەنسۆلین بۆ نەخۆشەکانی شەکرە دابین دەکرێت.

ئەو لێدوانانەش لە کاتێکدایە، لەم ماوەیەدا دەرزی ئەنسۆلین لەو وڵاتەدا کەمبووەتەوە و لە ئێستادا لە دەرمانخانەکاندا بەردەست نییە و لەبازاری ڕەشدا بە هەشت قات لە نرخی ئاسایی خۆی دەفرۆشرێت.

لە لایەکی ترەوە مەحمود نەجەفی عەرەب سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ژوری بازرگانی تاران ڕایگەیاند، بە بڕی دوو هێندە و نیوی پێداویستی ولات بە ئەنسۆلین هاوردەکراوە، بەڵام لە بازاڕدا دەستناکەوێت، چونکە بەهۆی دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانییەوە، بەنرخێکی هەرزانتر بە قاچاغ دەبرێتەوە دەرەوە.

چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە هاشتاگی "ئەنسۆلین نییە" نیگەرانی و دوودڵی خۆیان نیشاندا، سەبارەت بە داهاتووی دۆخی تەندروستی نەخۆشەکانی شەکرە لە ئێراندا.

مانگی ڕابروودش ١٢٠ پزیشکی ئێرانی نوسراوێکیان ئاراستەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کرد، هانیاندابوو بۆ دابینکردنی ئەنسۆلین .

بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان لە ئێراندا ٥ ملیۆن  نەخۆشی شەکرە هەیە، لەو ژمارەیەش  ٦٠٠ هەزاریان ڕۆژانەی پێویستیان بە ئەنسۆلینە.

لە ماوەی ڕابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی سەپاند بەسەر ١٨ بانکی ئێراندا، بەوەش زۆربەی ئەو کەناڵانەی لە دەستدا کەپێشتر بۆ هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان بەکاری دەهێنا، ئەوەش وایکرد ئێران نەتوانێت کەناڵی دارایی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا بکاتەوە، بەوەش هاوردەکردنی دەرمان بۆ ئێران قورس بووە، مەگەر بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو بێت.

 



ڕیکلام