فڕانس پرێس: هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی قەیرانێکی دارایی قورس بووەتەوە

  2020-10-21  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی ئابوری هەرێم تەنها پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و ژمارەیەکی زۆریش فەرمانبەری هەیە، خۆی روبەڕووی قەرانێکی ئابوری قورس کردووەتەوە.

لەسەر ڕووی گردێگی لێژ لە دووری ٥٥ کلیۆمەتری باکوری خۆرهەڵاتی هەولێر، گەورە شاری کوردستانی عێراق، گوندی "میر ڕۆستەم" بە پانتاییەکی فراوان درێژبووەتەوە، بەرهەمی ترێی پێگەیشتوو لە ئێستادا بە تەواوی پێگەیشتووە بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەرێم حساب بکرێت، کە لە ئێستادا نقومی قەیرانی ئابوری بووە.

ئاژانسی فرانس پرێس ڕاپۆرتێکی لەسەر قەیرانی ئابوری و دۆخی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و باس لەوە دەکات، دانیشتوانی هەرێم لەم دواییانەدا گەڕاونەتەوە بۆ پشتبەستن بە کشتوکاڵ، لە دوای کەوتنی ڕژێمی سەدام حسین لە ساڵی ٢٠٠٣ و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەغدا بودجەیەکی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکرد، بەو هۆیەشەوە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ڕوویان لە دامەزراندن و کاری دەوڵەت کرد، بە ئامانجی بەدەستهێنانی موچەیەکی مانگانە.

عەبدوڵا حەسەن یەکێک لە جوتیارەکانی گوندی میر ڕۆستەم بە ئاژانسەکەی وتووە "ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی رەز و باخدارییە، لە ماوەی گەمارۆئابورییەکانی سەر عێراق رەزەکانی ترێ سەرچاوەیەکی سەرەکی بوون بۆ ژیان".

بەگوێرەی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق لەمساڵدا ڕوبەڕووی هەرەسهێنانێکی ئابوری بووەتەوە، ئەویش بەهۆی پشتبەستنی بودجەی وڵات بە داهاتی هەناردەی نەوت.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش کە ماوەیەکی زۆرە لە ناکۆکییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم، کەبەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆناوە دۆخەکە زیاتر قورس و ئاڵۆزتر بووە.

بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە خاڵە لاوازەکان، کە هەر لە بنەرەتەوە هەبوون و رەنگە ببنە هۆی هەرەسهێنانی ئابوری و شەپۆلێکی تری توندوتیژی لە وڵاتدا.

بیلال سەعید پسپۆڕی ئابوری بە ئاژانسەکە ووتووە "ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرەسهێنانی ئابوری هەرێمی کوردستاندا ڕوو دەدات، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پشتیان بە سیستمێکی ئابوری ئەوتۆ نەبەستووە، کە قابیلی جێبەجێکردن بێت لە پێناو دڵنیایی دان لە گەشەسەندن و پێشکەوتن بۆ ماوەیەکی دوور مەودا.

بیلال سەعید پێی وایە داهاتێکی زۆر لە کوردستاندا بەدەستدەهێنرێت، بودجەیەک لە حکومەتی فیدراڵییە و بوونی داهاتی دەروازە سنورییەکانیش لەگەڵ تورکیا و ئێران.

ئاماژە بەوەش دەکات لەبری ئەوەی ئەو بودجە و پارانە لە ژێرخانی ئابوری و پیشەسازی و تەندروستی و گەشتیاریدا خەرج بکرێت، حکومەتی هەرێم تەنها چاوی بڕیوەتە گەشەپێدانی کەرتی نەوت.

ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥ ملیۆن کەس دانیشتوانەکەیەتی، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار فەرمانبەری حکومی هەیە، لەو ژمارەیەش لە ٤٠%ی ئەندامەکانی سوپا و پۆلیس پێک دەهێنن، مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیاترە لە ٧٢٥ ملیۆن دۆلار.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی یەکەمی ڕابردووەوە واتە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠وە شەش موچەی نەداوە بە فەرمانبەرانی ، لە مانگی حوزەیرانیشەوە لە ٢١%ی موچەکەیانی کەمکردەوە، تەنانەتە لەو موچەیەش کە ناگاتە ٢٥٠ دلار.

بەو پێیەش بڕی خەرجی موچەکە کەمکرایەوە بۆ ٥٩١ ملیۆن دۆلار، بەڵام هێشتا کێشەکە هەر بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق ٢٦٠ ملیۆن دۆلاری هەموو مانگێک بۆ هەرێم ناردووە.

پەیمانگای ئابوری لەندەن ئاماژە بەوە دەکات، فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا چەندین ساڵە لە سایەی قەیرانێکی ئابوریدا موچە وەردەگرن، بەڵام ئەو سەرچاوەیەی کە پشتی پێ دەبەسترا، ئێستا مەترسی نەمانی لەسەرە.

پەیمانگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە وڵاتدا پاداشتی لایەنگرەکانی بە موچە دەدەنەوە، گرێبەستی پڕۆژەکان دەدەن بەو دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووانەی کە نزیکن لە خۆیانەوە، بە کوردی بودجەی وەزارەتەکان دەدزرێت، بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی حزبی وکەسی.

محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە ئاژانسەکەی وتووە "ئیمە دەوڵەمەندین کاتێک نرخی نەوت بەرزە، بەڵام هەژارین کاتێک نرخەکەی نزم دەبێتەوە، بۆیە من بەمە ناڵم ئابورییەکی راست و دروست".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپێناوم چاککردنی ئەم دۆخە، لیژنەکەیان بڕری ٦٠ مۆڵەتی وەبەرهێنانی داوە بە بودجەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، زۆربەشی بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی تەرخانکراوە.

لەو میانەیەشدا دەسەڵاتدارانی هەرێم بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابوریان داوە، لەڕێگەی پرۆژەی گەورە وەک بەنداو و ڕێگەوبان و  هێڵی ئاسن، داواشی لە وەبەرهێنە بیانییەکان کردووە، بەشداری ئەو پڕۆژانە بکەن.

لە کاتێکدا خاوەن پیشە و پیشەسازییە ناوخۆییەکان ڕوبەڕووی کێبڕکێیەکی ڕۆژانە بوونەتەوە لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی کە لە تورکیا و ئێرانی هاوسێوە دێن و بازاڕەکانیان پڕ کردووە، لە کاتێکدا دراوەکەیان ڕۆژ بەڕۆژ ڕووی لە دابەزینە و دیناری عێراقیش لەبەرامبەر دۆلار نزمبووەتەوە.

بارز ڕەسوڵ خاوەنی کۆمپانیای ئاسن و پۆڵایە، کە مانگانە بەرهەکەی دەگاتە نزیکەی ٥٠ هەزار تۆن، داوای سەپاندنی باج و گومرگی زیاتر دەکات بەسەر ئەو کاڵانەی کە دێنە وڵاتەکەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی ساغببێتەوە، داواش دەکات بایەخی زیاتر بدرێت بە کەرتی پیشەسازی.

ئەو بازرگانە باس لەوە دەکات، ماوەیەک لەمەوبەر نزیکەی ٥٠ خانووی شوشەیی بۆ بەرهەمە کستوکاڵیەکان هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە بەرهەمی خەیار کیلۆی بە ٢١ سەنت بووە، لە کاتێکدا کیلۆی خەیاری ئێرانی و تورکی بە ١٣ سەنت بووە لە بازاڕەکانی هەولێر.

ئاژانسە فەڕەنسیەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤وە دەنگی لەسەر هیچ پڕۆژە بودجەیەک نەداوە، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت داهاتی خالە سنورییەکان و باج و داهاتی نەوت  بزانرێت، تەنانەت بودجەی تێچوونەکانیش نازانرێت.

وەک ئاماژەیەکیش بۆ خارپی دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتەکە ئاماژەی کردووە، بەوە لە مانگی تشرینی یەکەمدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بری قەرزەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٨ ملیار دۆلار، لەو برەش ٩ ملیاری موچەی دابەشنەکراوی فەرمانبەرانە، کە  لە ساڵی ٢٠١٤وە کەڵەکە بووە.

 



ڕیکلام