ئیحسان عەلی : ئەگەر داوام لێ بکەن خۆم بۆ رابەری بزوتنەوە کاندید دەکەم

  2020-10-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند ئەگەر داوای لێ بکەن خۆی بۆ ڕابەری حزبەکەی کاندید دەکات.

ئیسحان عەلی عەبدولعزیز لە بەرنامەی 15 ی خولەکی تۆڕی هەواڵی ژیان کە ئەمشەو کاتژمێر نۆ پەخش دەکرێت ڕایگەیاند دەمانەوێت بزوتنەوە بگەڕێنینەوە سەر رێگاکەی خۆی و دژی زوڵم و ستەم بوەستێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد جەماوەری بزوتنەوە لە سەرکردایەتی ئێستا و چەند ساڵی ڕابردووی حزبەکە باشتر و بە‌هێزترە.

ئیحسان عەلی ڕاشیگەیاند بەرنامەیەکی لەناو هەموو کادیرانی بزوتنەوەدا بڵاوکردۆتەوە و پێیان باشە گۆڕانکاری جەوهەری بکەن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکانیش ئەو بەرپرسەی بزوتنەوە ئاشکرایکرد پێویستە ئیسلامیەکان لەگەڵ میللەتدا بن و بە بوێری دژی ناعەدالەتی بن، بۆیە ئەوان بەرنامەیان ئەوەیە بەرگری لە هەموو ئیسلامیەکان بکەن.

وتیشی  لەکاتی ناکۆکی نێوان بزوتنەوە و یەکێتی، لایەنی تر سودی بینی و پێویستە ئەوە راست بکەینەوە، هەر بۆیە دەیانەوێت و حەزدەکەن لەگەڵ یەکێتی پردێکی پەیوەندی بەهێز دروستبکەن.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز سەبارەت بە دۆخی هەرێمیش ڕایگەیاند کەموکوڕی و زوڵم و ستەم زۆرە و زۆرینە ئەوشتانەش دەکەوێتە سەر شانی پارتی چونکە پارتی هەموو پۆستە گرنگەکانی لایە.

ڕاشیگەیاند پێویستە پەرلەمانتارەکانی یەکگرتوو نوێنەرایەتی هەردوولامان بکەن، چونکە بە پێی یاسا ئێمە پێکەوە یەک لیست بووین ودەنگەکانمان تێکەڵبوون.

هەروەها سەبارەت بە وەرگرتنی هاوکاری لە دەرەوەی وڵات رەتیکردەوە ئەوان هیچ هاوکارییەکان لە دەرەوە وەربگرن، بەڵام ڕایگەیاند بەشێکی حزبە ئیسلامیەکانی دیکە لە دەرەوە پشتگیری دارایی دەکرێن بۆیە کەناڵی ئاسمانیان هەیە و بەڕێوەی دەبەن.


ڕیکلام