بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، لەماوەی چوار مانگدا 264 شوێن لە دهۆک داخراون.
یوسف محەمەد سەرۆکی لیژنەی هاوبەشی بەدواداچوون لە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی دهۆک بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا لیژنەکانیان ٦٨٠٢ سەردانیان بۆ بازار و شوێنە جیاجیاکان ئەنجامداوە و لەو سەردانانەشدا، ١٣٤ شوێن بە بڕی ٢٨ملیۆن و ١٧٥ هزار دینار سزادراون، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێنمایەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا.
وتیشی، ٢٦٠ شوێنی دیکەش داخراون کە پێکهاتوون لە دوکان و مارکێت و نانەواخانە و کارگە و چەندین شوێنی دیکە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی خێرا بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک، بڕیاریانداوە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام بن لە بەدواداچوونی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و زیاتر چاودێری شوێنەکان بکەن .
سەرۆکی لیژنەی هاوبەشی بەدواداچوون لە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی دهۆک راشیگەیاند، زۆربەی دوکانداران و خاون مارکێت و کارگەکان، پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی نابن، ئەوەش مەترسی هەیە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو پارێزگاکەدا.