فواد حسێن: داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەرەنجامی سیاسی و ئەمنیی دەبێت

  2020-10-22  | 
بەغدا
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەرەنجامی سیاسی و ئەمنیی لێدەکەوێتەوە بۆ وڵاتەکەی .

لە میانی سەردانەکەی شاندی عێراق بۆ بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی١٠ی٢٠٢٠ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی بی بی سی ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو بابەتە دەرەنجامی سیاسیی و ئەمنیی لێدەکەوێتەوە بۆ عێراق .

فواد حسێن هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکرد، کە ئەو دەرەنجامانە چین کە بە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، روبەڕووی عێراق دەبنەوە .

فواد حسێن ئەندامی شاندی عێراقە کە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی لە چەند ڕۆژی رابردوودا سەردانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بریتانیایان کردووە و ئەمڕۆش لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبوونەوە .

پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر عێراق نەتوانێت کۆتایی بە هێرشەکانی حەشدی شەعبی و گروپە چەکداراەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بهێنێت، ئەوا باڵیۆزخانەکە دادەخەن .

بەڵام لێکۆڵەرانی سیاسی پێیانوایە، کشانەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە بەغدا، دەبێتەهۆی لاوازبوونی هەژمونی ئەو وڵاتە لە عێراق و ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندی ئێران دەبێت.



ڕیکلام