مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن
فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دووبارە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دووبارە لە بەرزبوونەوەیە، لەبەر خاتری خۆمان و خانەوادەکانمان زۆر گرنگە کە هەموومان بەردەوام بین لە گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەكانی خۆپارێزی، کە بەشێک لەو ڕێکارانە دوورکەوتنەوەیە لە قەرەباڵغی".
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و رۆژانە زیاتر لە هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن.