ئەمریکا سزای بەسەر باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەپاند

  2020-10-23  | 
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمریکا سزای بەسەر ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا و دوو ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی حیزبوڵڵای لوبناندا سەپاند .

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە نوێترین بڕیاریدا سزایان بەسەر ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەپاندووە.

لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، "مەسجدی سەرپەرشتی بەرنامەیەکی پێدانی مەشقی کردووە بە میلیشیا عێراقییەکان و پشتیوانی لێکردوون، هەروەها سەرکردایەتی یاخود پشتیوانی ئەو گروپانەی کردووە کە بەرپرسن لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراقدا."

لەو بارەیەشەوە  ستیڤن منوچن وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، "ڕژێمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەروەری عێراق، بەوەی کە بەرپرسانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو نوێنەر لە ناوچەکەدا دادەنێین بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، کە سەقامگیری ناوچەکە تێک دەدات."

هاوکات وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەر دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای لوبناندا سەپاندووە کە هەردووکیان ئەندامن لە ئەنجومەنی ناوەندی گروپەکە.

سەپاندنی سزا بەسەر باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەکاتێکدایە کە ئەمریکا هەڵوێستەکانی توندتر کردووەتەوە سەبارەت بە هێرشە موشەکیەکانی سەر باڵیۆزخانە و بەرژەوەندییەکانی دیکەیان لە عێراق، کە بەرپرسانی ئەمریکا حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکەن.



ڕیکلام