كوالیتی جۆری دەرمان سكاڵای یاسایی لەسەر كاروان گەزنەیی تۆمار دەكات

  2020-10-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی جۆری دەرمان سكاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتارێكی یەكێتی تۆمار دەكات و دەڵێت سەرۆكایەتی پەرلەمانیشمان لە هەڵسوكەوتەكانی ئاگادار كردووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی جۆری دەرمان لە روونكردنەوەیەكدا كە كۆپیەكی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) نێدراوە دەڵێت: ماوەیەكە پەرلەمانتارێك بەناوی (كاروان گەزنەیی) دوور لە ڕێكارەكانی یاسایی و زانستی و پیشەیی قسەی نەشیاو و تەشهیر بە بەڕێوبەر و بەڕێوبەرایەتیمان دەكات بە بێ هیچ بەڵگە و بنەمایەك تەنها بەمەبەستی خۆدەرخستن و چەواشەكردن بەبێ گەڕانەوە بۆ پرسیاركردن و بەدواداچوون كەوتووەتە نێو ئاڕاستەكانی بەرژەوەندخوازان و زەرەرمەندانی ڕێكارەكانی چاكسازی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی. 

لەو روونكردنەوەیەدا بەڕێوەبەرایەتیەكە ئەوەشی وتووە "چاوەڕێی ئەم تۆمەت و تەشهیر وچەواشانە دەكەین لە بەرامبەر زەرەرمەندانی چاكسازی و گۆڕانكاری لە بواری دەرمان هەروەك چۆن ئەم بەڕێزە پێشتریش چەندین تۆمەت و قسەی نەشیاو و هەڵبەستراوی لە سێكتەرەكانی دیكەدا كردووە كە لە دوای لێكۆڵینەوە خۆشبەختانە سەرلەبەری دوور بووە لە ڕاستیی".

ئەوەش دوای ئەوەهات كە گەزنەیی ئاشكرای كردبوو كە دەرمان بەشێوەیەكی قاجاغ دەهێندرێتە هەریچمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستیش ئەو دەرمانانە دەكڕێتەوە. 

بەڕێوەبەرایەتیەكە وتوشیەتی "وێڕای ئەوەی بەفەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە بەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتەی ئەم بەڕێزە لێ ئاگادار دەكەین لە هەمان كاتدا ڕێكار و داوای یاسایی لە دادگا پێشكەش دەكەین بۆ سەلماندنی هەر ڕاستییەك لەو تۆمەتانەی باسی لێوە دەكات".


ڕیکلام