بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئێران شوێنە پیرۆزەکان دادەخات

  2020-10-24  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریاندا بە داخستنی سەرجەم مەزار و شوێنە ئاینییەکان لە تاران و قوم بۆ ماوەی یەک مانگ، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بڕیارەکە لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوەوە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٥٦٠ هەزار کەس.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٥٨١٤ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و بەوەش ژمارەی تووشبوان گەیشتووەتە ٥٦٢ هەزار و ٧٠٥ کەس.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەش تا ئێستا بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٣٢ هەزار و ٢٣٠ کەس، دوای ئەوەی دوێنی ٣٣٥ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە.

تەندروستی ئێران ئاشکرایکردووە، تا ئێستا ٤٥٠ هەزار و ٨٩١ کەس چاکبوونەتەوە و هێشتا ٤٩٥٢ کەسیش دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و لە ژوری چاودێری ورد هێڵراونەتەوە.

 



ڕیکلام