ئێران: كردەوەی هەندێك توندڕەو نابێت پاساو بێت بۆ سوكایەتی كردن بە ئیسلام

  2020-10-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەرەوەی ئێران بەشێوەیەكی فەرمی دژی سوكایەتیكردن بە پیرۆزیەكانی ئیسلام وەستایەوە و رایگەیاند نابێت جوڵەی هەندێك كەسایەتی توندڕەوی ئیسلامی نابێت ببێتە هۆكار بۆ سوكایەتی كردن.


سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: سوكایەتی بەردەوام بە پێغەمبەر لە فەڕەنسا هەیە كە هەندێك جاریش لەلایەن بەرپرسانەوە پاڵپشتیان لێكراوە، بە توندی ئیدانە دەكەین بە تایبەتی دواترینیان.  

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە وتیشی: بێ گومان هەڵمەت و جووڵەی هەندێك ئیسلامیی توندڕەو كە هەر نزیك بە وڵاتانی ڕۆژاوایین، بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت پاساوێك بێت بۆ سووكایەتی و بێ ڕێزی بە كەسایەتیە ئاسمانییەكان كە یەك ملیار و هەشت سەد ملیۆن كەس ئیمانی پێی هەیە.

ئەوەش دوای ئەوەهات كە لە دوێنێوە هەڵمەتێكی فراوان لە وڵاتانی ئیسلامی دەستی پێكردووە كە زۆرتر كەسایەتیە ئیخوانیەكان سەرپەرشتی دەكەن لە دژی لێدوانێكی ئیمانیۆل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا كە گوایە وتویەتی "ئیسلام لە قەیراندایە و دەبێت تیرۆریزمی ئیسلامی بنبڕ بكرێت".


ڕیکلام