عەلی حەمە ساڵح: رۆژانە سەدان هەزار دۆلار بەناوی پشكنینی كۆرۆنا وەردەگیرێت

  2020-10-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێكی گۆڕان ئاشكرایدەكات لە دەروازە سنوریەكانەوە رۆژانە سەدان هەزار دۆلار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت بۆ پشكنینی كۆرۆنا كە هیچ سودێكی نیە و زیانی تەندروستیشی هەیە.


عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند "چەندین كۆمپانیا لە خاڵە سنوریەكان بەناوی جیاواز مانگانە نزیكەی ٦٥ ملیۆن دۆلار لە هاوڵاتیان وەردەگرن، ئێستا بەناوی پشكنینی كۆرۆنا هەمان ئەو كۆمپانیایانە هەموو ڕۆژێك سەدان هەزار دۆلار لە هاوڵاتیان وەردەگرن بە بێ هیچ سودێك و بەشێوەی ناڕەوا".

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكردووە كە راوێژی لەگەڵ چەندین پزیشكی پسپۆڕو و هاوڵاتی كە لە مەرزەكانەوە دەخڵبوون كردووە دەڵێت "ئەم پارە وەرگرتنە هیچ پەیوەندی بەخۆپارێزی نیە و ئەگەری تووشبوون زیاددەكات".

ئەوەش لە كاتێكدایە كە بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر هاوڵاتیەك كە لە دەروازە سنوریەكانەوە دێتە هەرێمی كوردستان بڕی 50 دۆلاری بۆ پشكنینی كۆرۆنا لێوەردەگیرێت كارەكەش لە لایەن كۆمپانیاكانەوە ئەنجام دەدرێت. 

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان روونیكردووەتەوە كە ئەوانەی پشكنینیان بۆدەكرێت پێیان دەڵێن دوای دوو رۆژ ئەنجامەكەتان دەدەینەوە،  پێشیوایە "ئەم پشكنینە نەك سودی نیە، هەم زیانی تەندروستی هەیە و هەم كاتی هاوڵاتی بەفیڕۆدەدات، تەنیا ژمارەیەك كۆمپانیا قازانجی ڕۆژانەیان سەدان هەزار دۆلارە".


ڕیکلام