لە سەرانسەری عێراقدا خۆپیشاندان و نارەزایی بەڕێوەچوو

  2020-10-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی بەغدا، ئەمڕۆ بە هەزاران هاوڵاتی عێراقی ڕژانە شەقامەکانی گۆڕەپانی تەحریر و دەوروبەری ناوچەی سەوز، بۆ نوێکردنەوەی نارەزاییەکانیان لە بەرامبەر دەسەڵات، کە هێشتا ناتوانێت چاکسازی پێویست بکات و لێپرسینەوە بکات لەو کەسانەی خۆپیشاندەرانی سەرکوتکرد لە ساڵی ڕابردوودا.

سەرباری تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا دەستپێکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لە زاری یەکێک لە خۆپیشاندەرانەوە لە گۆڕەپانی تەحریر بڵاویکردەوە " ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە ئێمە لێرەین بۆ بەردەوامبوونی نارەزاییەکان، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا دەستی پێکرد، ئێمە هەمان داخوازییەکانی ساڵی ڕابردوومانە هەیە".

خۆپیشاندەران داوای باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و چارەسەری بێکاری و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و گەندەڵی کە لە سەرانسەری دامودەزگاکانی عێراقدا تەشەنەی کردووە، لە کاتێکدا وڵاتەکە بە پلەی دووەم لە ناو ڕێکخراوی ئۆپیک بۆ هەناردەکردنی نەوت.

گۆڕەپانی تەحریر کراوەتە بنکەی سەرەکی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان لە بەغدا، لە کاتێکدایە ژمارەیەکی دیکە لە خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوز کە بارەگای سەرەکی حکومەت و باڵیۆزخانەی ئەمریکای لیییە گردبوونەەوە.

لە دوێنێوە دەسەڵاتداران لە هەوڵی داخستن و کۆنترۆڵکردن و دانانی بەر بەستی کۆنکرێتین لەسەرجەم ئەو شەقامانەی کە دەچنەوە سەر ناوچەی سەوز، بۆ بڵاوەپێکردنیشیان هێزە ئەمنییەکان بۆمبی فرمێسک ڕێژیان بەکارهێناوە.

بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی خۆپیشاندەرانی دیکەی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست بۆ بۆ بەغدا، هێزە ئەمنییەکان ئەو دەروازە و رێگایانەیان دەخستووە، کە لە بەغداوە دەچنەوە سەر پارێزگاکانی باشور.

لە هەندێک شوێن لە نزیک گۆڕەپانی تەحریری تێکەڵچوون و پێکدادانی سنوردار لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوویداوە، بەگوێرەی هەواڵ ژمارەیەک خۆپیشاندەر لەو بەریەککەوتنانەدا بریندار بوون، جگە لەوەش ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران پشتێنەی مرۆییان دروستکردووە، لە نێوان خۆپیشاندەران و هیزە ئەمنییەکانن بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکە.

لە لایەکی ترەوە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا کرد، خۆپیشاندانەکانیان ئاشتیخوازانە دەبێت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن بە  کەسانی تێکدەر و دوور لە یاسا  دۆخەکەیان لێ بشێوێنن.

دوای ئەو بەیاننامەیەش هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان بۆ خۆپیشاندەری پارێزگاکانی دیکە کردەوە بچنەگۆڕەپانی تەحریر و بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن و ڕاشیانگەیان پارێزگاری تەواوی خۆپیشاندانەکان دەکەن.

لەوبارەیەوە یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، گۆڕەپانی تەحریر بە تەواوی پاریزراوە و داواشی لە خۆپیشاندەران کرد هاوکاری هێزەئەمنییەکان بکەن و لە هەر حاڵەتێکی گوماناوی و خراپ ئاگاداریان بکەنەوە و ڕێگە نادەن بە هیچ کەسێک بەناوی خۆپیشاندەرانەوە دەستدرێژی بکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان.

هەر ئەمڕۆ بە بۆنەی شۆرشی تشرینەوە لە پارێزگاکانی بابل و کەریەلا و واست و بەسرەش خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی پارێزگاکان بەڕێوەچوو.

لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٦٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسیش بریندار بوون، لە کۆتایشدا حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستەکەی کشاندەوە.

 



ڕیکلام