پێشمەرگە هەڵمەتێکی گەڕان بەدوای چەکدارانی داعشدا لە دەورووبەری کەرکوک دەستپێکرد

  2020-10-25  | 
کەرکوک
پێشمەرگە هەڵمەتێکی گەڕان بەدوای چەکدارانی داعشدا لە دەورووبەری کەرکوک دەستپێکرد
 سۆران عەبدولکەریم
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی پێشمەرگە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بەدوای چەکدارانی داعشدا و بکوژانی سێ هاوڵاتییە کوردەکەی گوندی شەوگێڕ، لە سنوری ناحیەی شوان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوک دەستپێکرد.

لەوبارەیەوە هیوا عەبدوڵڵا فەرماندەی میحوەری ڕۆژهەڵاتی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ئەوەی کە هەفتەی ڕابردوو ڕوویدا لە شەهیدکردن و سوتاندنی سێ هاوڵاتی لەسنوری ناحیەی شوان، حاڵەتێکی زۆر ناخۆش بوو.

وتیشی، "ئەم ناوچەیە لەنێوان ئێمە و هێزە عێراقییەکاندایە و بەداخەوە لەزۆر سنور هیچ جۆرە هەماهەنگییەکمان لەگەڵ ئەو هێزانەدا نیە و تیرۆریستانیش هەوڵەدەن لە شوێنێکەوە دزەبکەن یاخود دەست بوەشێنن کە بۆشاییە و چاوی هێزە ئەمنییەکانی لێوە دوورە".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناوچەیە فراوانە و لەگەڵ کورد خەڵکێکی تێدا دەژی کە کوردنین واتە لە نەتەوەی دیکەن، ڕەنگە داعش سودی لەو کەسانە وەرگرتبێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانی و هاوکاریانبن.

ئەو فەرماندەیەی میحوەری ڕۆژهەڵاتی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە راشیگەیاند، "ئێمە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان لە گفتوگۆی بەردەوامین تا بتوانین پرسی دانانی ژووری هاوبەش لە نێوان هەردولا تەواوبکەین و بەفەرمی دەستبەکاربێت، کە پێموایە نەک تەنها بۆ ئەم سنورە، بەڵکو بۆ کەرکوک بە گشتیی سودی دەبێت و دەتوانین پێکەوە زانیاری هەواڵگری بگۆڕینەوە".

لەبارەی کێوماڵکردنی سنوری ناحیەی شوان لەلایەن پێشمەرگەوە، هیوا عەبدوڵڵا وتی، "کێوماڵی سنورێکی فراوانمان کرد تەنانەت شوێنە هەستیارەکانیش، بەڵام نەمانتوانی هیچ شوێنەوار و جێی حەوانەوەی داعش لەو سنورە بدۆزینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ هەڵمەتەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و ئاستێک بۆ کردەوە توندوتیژیەکان دادەنێن.



ڕیکلام