ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان یاداشتێکی نیگەرانیان رادەستی کونسوڵخانەی فەرەنسا کرد

  2020-10-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
٢٥پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکی نیگەرانییان بە نوێنەرایەتی شەقامی موسڵمانی کوردستان گەیاندە کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر و لەگەڵیشیان کۆبوونەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو ٢٥ پەرلەمانتارە لە یاداشتەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە "فەرەنسا لە ڕابردوودا هەندێ بڕیار و سیاسەت و هەنگاوی، بە بەرژەوەندی میللەتی ئێمە و پاراستنی بووە لە دەستی ڕژێمی بەعس و ئەمە جێگەی پێزانینە و گەلی ئێمەش بە سیفەتی وەفاداری ناسراوە بۆ ئەوانەی چاکەیان لەگەڵ کردووە، بەڵام وەک میلڵەتێکی مسوڵمانیش نیگەرانین کە وڵاتێکی زلهێزی خاوەن مێژوویەکی دێرین، بەبێ گوێدانە پیرۆزییەکانمان و ڕێزگرتن لە هەستی مسوڵمانان، بەوجۆرە سوکایەتی بە ئیسلام و پێغەمبەرەکەی بکات".

ئاماژەیان بەوەشکردووە "ئێمەی مسوڵمان ئیسلام فێری کردووین کە لەبەرامبەر خراپەی خەڵکدا، کاردانەوەی خراپمان نەبێ و خراپە بە خراپە وەڵام نەدەینەوە".

لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا ئەو ٢٥ پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوەکردووە "دڵنیابن ئەوان پێغەمبەری ئێمە ناناسن بۆیە بەو ئوسلوبە ناشیرینە تەعبیری لێ دەکەن، ئەگەر بیناسن و لە کەسایەتی و ڕەوشتی بەرزی ڕابمێنن دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە دەستبردن بۆ زاتێکی گەورە و بەڕێزی وەک موحەممەد پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، هەڵەیەکی گەورەیە و لێی پەشیمان دەبنەوە .

بەرگریکردنیش لە ئیسلام و کەسایەتی بەرزی پێغەمبەر، بە هەمان ڕەوشتی بەرزی پێغەمبەرانە دەبێت، نەک بە جنێودان و قسەی نەشیاو کە نە لە ئیسلامدا جێی دەبێتەوە نە خوا و پێغەمبەرەکەی پێی ڕازین .

لە کۆتایی بەیاننامەکە ئەو پەرلەمانتارانە جەختیانکردووەتەوە، هەرکەس خۆی بە شوێنکەوتەی زاتی موبارەک و بەرزی پێغەمبەری ئیسلام دەزانێت، هەرکەس بانگەشەی خۆشەویستنی پێغەمبەری ڕەحمەت و میهرەبانی و ڕەوشت بەرزیی دەکات، با لەبەرگریکردن لە دینەکەی و پێغەمبەرەکەی، جوانترینەکان لە ڕەوشت و قسە و ڕەفتار و مامەڵە لەگەڵ نەیارانیدا هەڵبژێرێت .



ڕیکلام