ناوچەی سەوز رۆژانە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بە رووی هاوڵاتیاندا دەكرێتەوە

  2020-10-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سكرتێری تایبەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانە ناوچەی سەوز بۆ 11 كاتژمێر بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی كراوە دەبێت.

فەریق روكن محەمەد بەیاتی  رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بڕیاردرا ناوچەی سەوز لە كاتژمێر شەشی بەیانی تا كاتژمێر پێنجی ئێوارە بەروی هاوڵاتیان بكرێتەوە.

ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە : هاتووچۆ بۆ ناوچەی سەوز لە دەروازەكانی پردی هەڵواسراو بەرەو شەقامی فڕۆكەخانە دەبێت و بەپێچەوانەشەوە گەڕانەوەش بەهەمان ئەو دەروازانەدا دەبێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی رابردوودا ناوچەی سەوز بە رووی هاوڵاتیانی ئاسایدا قەدەغە كرابوو، ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە ساڵی 2003وە ناوچەی سەوزی وەك ناوچەیەكی پارێزراوی ئەمنی دیاری كرد و زۆرینەی دامەزراوە حكومیەكان لەو ناوچانە جێگیر بوون. 


ڕیکلام