ترەمپ: 10 دەوڵەتی ناوچەکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە

  2020-10-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشبینی کرد ١٠ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێککەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا بکەن.

ترەمپ ئاشکرایکرد، لە ئیستادا لەگەڵ پێنج دەوڵەت کاردەکەن، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەک بگاتە ٩ تا ١٠ دەوڵەت، ئاماژەی بەوەشکرد ئیدارەکەی بەشێوەیەکی جیاوازتر لە ئیدارەدانی پێشوو کارلەسەر وەدیهێنانی ئاشتی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەو بڕوایەدا هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەچنە ڕێککەوتنی ئاشتییەوە، ڕوونیشیکردەوە لەو بڕوایەدایە ئەو ڕێککەوتنانەی دیکە بکەونە دوای هەڵبژاردنەکان، چونکە خۆی بەشدارە لەسەرجەم ڕیککەوتنەکاندا.

ترەمپ وتی "ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەهێنین، بێ خەرجکردنی هیچ پارە و خوێنڕشتنێک".

ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ڕابردوو، هەریەکە لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو دەولەتی بەحرەین ڕێککەوتنی ئاشتیان لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا کرد.

ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگەش کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، سودان و ئیسرائیل گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، دوای ئەوەی پێشتر ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانیان لەگەل ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرۆکی ئەمریکا و عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ڕاگوزەری سودان و عەبدولا حەمدوک سەرۆکی وەزیرانی ئەو وڵاتە و بنیامن نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایانگەیان، پێکەوە گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بەو پێشکەوتنە مێژوویەی کە سودان بەخۆیەوە دیوە بە ئاراستەی دیموکراسیەت و گەشەپیدانی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.



ڕیکلام