ئێران بڕی هەناردەی خۆی بۆ عێراق لە حەوت مانگدا ئاشکرا کرد

  2020-11-01  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەهدی میر ئەشرەفی سەرۆکی بەرژەوەندی گومرگی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا عێراق پلەی یەکەمی هەبووە لە هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەلی ئێرانیدا.

ئەشرەفی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند "لە نێوان مانگی ئازار تا ٢٠ ی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، عێراق بە بەهای ٤ ملیا و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵاو کەلوپەلی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، لە دوای ئەویش وڵاتی چین دێت کە بە بەهای ٤ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە ، بە پلەی سێهەم ئیمارات دێت کە بە بەهای ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و تورکیا بە پلەی چوارە  بە بەهای یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار و لە پلەی پێنجەمیشت ئەفغانستان دێت کە بەبەهای ١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ، کەلوپەلی جیاجیان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، قەبارەی هەناردەی ئێران لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا گەیشتووەتە ٦٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن و بە بەهای ١٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش دەریدەخات کە بەڕێژەی لە ١٧.٥% کەمیکردووە لە چاو ساڵی ٢٠١٩دا.

ئەشرەفی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕایگەیاند، قەبارەی هاوردەی ئێران لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە ٨٥ ملیۆن تۆن و بە بەهای ٣٨ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ڕوونیشیکردووەتەوە، وڵاتەکەی ئەو کەلوپەلانەی لە وڵاتەکانی چین و ئیمارات و تورکیا و هیندستان و ئەڵمانیا هاوردە کردووە.



ڕیکلام