ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تلیکۆم ناچار دەکرێن قەرزەکانیان بدەنەوە بە حکومەت

  2020-11-01  | 
بەغدا
ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تلیکۆم ناچار دەکرێن قەرزەکانیان بدەنەوە بە حکومەت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تلیکۆم ناچار بە دانەوەی قەرزەکانیان بە حکومەتی عێراق دەکرێن.

سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ دادگای تێهەڵچونەوەی کەرخ لەسەر داوای کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تلیکۆم دانیشتنێکی نوێی بۆ کەیسی وەرگرتنەوەی قەرزەکان کردەوە کە لەلای هەردوو کۆمپانیاکەیە و نەیانداوەتەوە بە حکومەتی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "محەمەد شیاع سودانی وەک نوێنەری پەرلەمانتاران (ئەو گروپەی داوای وەرگرتنەوەی قەرزی سەر کۆمانیاکانی مۆبایل دەکەین)، لە دادگا ئامادە بووە و دادوەر رۆژی ۸/۱۱/۲٠۲٠ دیاریکردووە کە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ داوای خۆی پێشکەش بکات و بڕیاری کۆتایی بدرێت بە ناچارکردنی کۆمپانیاکانی مۆبایل بە دانەوەی قەرزەکانیان بە حکومەت، بەپێچەوانەوە رێگەی کارکردنیان پێنادرێت و مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێتەوە.

سەرکەوت شەمسەدین راشیگەیاندووە، "ئێمە پشتیوانی بوونی کەرتی تایبەتی بەهێز دەکەین لە کوردستان و عێراق، بەڵام نابێت ئەو بەهێزبوونە لەسەر حسابی داهاتی گشتی و هاوڵاتیان بێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک جگە لە نەدانی باجی ساڵانە، ئەو بڕە پارە زیادەیە کە لە هەر کارتێک وەریدەگرن، داهاتی دەوڵەتە و نایگێرنەوە، کە ئەمەش نابێت بەردەوام بێت.



ڕیکلام