فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە بڕینی مووچە لەلایەن بەغداوە دەدات

  2020-11-03  | 
بەغدا
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە بڕینی مووچە لەلایەن بەغداوە دەدات
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە بڕینی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن بەغداوە دەدات و دەڵێت، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق هەماهەنگیی تەواو بکات لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سەرکەوتوو بۆ کێشەی کەمیی داهاتی حکومەتی فیدڕاڵی.

یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریماندا لە دوبارەکردنەوی ئەزمونی دەسەڵاتی هەرێم لە دواخستن و بڕینی مووچەی مووچەخۆران لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە".

دەشڵێت، "دابینکردنی مووچەی ئەوانەی لە کەرتی گشتی کار دەکەن، یەکێکە لە ئیلتیزامە سەرەکییەکانی حکومەت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وا بۆ دوو مانگە مووچە لە ئاستی حکومەتی ئیتیحادی دوا دەکەوێت، ئەمە هاوشێوەی ئەزمونی شکستخواردووی دەسەڵاتدارانی هەرێمە کە بۆ ماوەی شەش ساڵە مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم دوائەخەن و بە نایاسایی لێیدەبڕن".

یوسف محەمەد راشیگەیاندووە، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق هەماهەنگیی تەواو بکات لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سەرکەوتوو بۆ کێشەی کەمیی داهاتی فیدڕاڵی و تەشریعکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنان.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "لە هەمان کاتدا پێویستە چارەسەری قەیرانی دارایی و ئابوریی عێراق لەسەر حسابی خەڵکی کەمدەرامەت و مووچەخۆرانی ئاسایی نەبێ، وەک ئەوەی لە هەرێم ئەنجام دەدرێت، بەڵکو لەڕێی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە تاڵانکراو و تەهریب کراوەکانەوە فشار لەوانە بکرێت کە بۆ ماوەی 17 ساڵە لەڕێی سەفقە گوماناوییەکانەوە لەسەر حسابی ماڵی گشتی سامانی گەورەیان پێکەوەناوە".



ڕیکلام