شەڕی پارتی و پەکەکە لە لێواری تەقینەوەدا

  2020-11-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەقینەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی زێرەڤانی لە ناحییەی چەمانکێی سەر بەدهۆک هێرشی میدیایی پارتی بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان چڕترکردەوە، گەریلاکانی پەکەکەی بە دانانی ئەو بۆمبە و هێرشکردنە سەر پێشمەرگە تۆمەتبار دەکەن، ئەوەش وەک زەنگێکی مەترسیدار دادەنرێت بۆ دەستپێکردنی شەڕ و تووندبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە.



بەهۆی تەقینەوەکەوە سێ ئەندامی هێزەکانی زێرەڤانی بریندار بوون، پاش مانەوەیان بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە کەسێکیان شەهید بوو بە ناوی هێرش جەوهەر کە خەڵکی گوندی گەزنەی هەولێر و باوکی چوار منداڵە.

ماوەی چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتووەتە لوتکە و بەشێک لە چاودێری سیاسی وای دەبینن شەڕی نێوان ئەو دوو حیزبە لە لێواری تەقینەوە دایە.

ئەبوبەکر عەلی، نوسەر و رۆشنبیر وتی: تا ئێستا پێشمەرجە مادی و مەعنەویەکانی پارتری و پەکەکە ماوە بۆیە ئەگەری شەڕ لە هەرکاتێکدا هەیە، مادام دامەزراوەی سەرو حزبیمان نییە کە نەتوانن رێ لەوە بگرن لە هەر کاتێکدا شەڕ ئەگەرێکە. 
دوو رووداوی مانگی رابردوو ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و پەکەکەی زیاتر کرد کە ئەوانیش کوژرانی غازی ئالیخان بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێرێ و راگەیەندراوێکی تیمی پارتی بوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش کە ئاماژەیان بەوە کردبوو، سێ گروپیان دەستگیرکردووە کە گروپێکیان سەر بە پەکەکەن لە 12 کەس پێکهاتوون، پیلانی هێرشکردنەسەر کونسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارەکانی نێو کۆنسوڵخانەکانیان داڕشتبوو.

 پارتی کرێکارانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەوان غازی ئالیخانیان کوشتبێت و هیچ گروپێکی ئەوان لە هەولێر دەستگیرکرابن، بەڵام پارتی هەردوو کارەکە دەخاتە ئەستۆی پەکەکە.

هەرچەندە مورد قەریلان، ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری پەکەکە داوای لە مەسعود بارزانی کردبوو کە دەستپێشخەری بکات بۆ ئاسیاکردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و پەکەکە، بەڵام مەسعود بارزانی بە بەیاننامەیەک پەیوەندییەکانی هێندەی دیکە ئاڵۆزترکرد.

لە لایەکی ترەوە پارتی وەک حیزب پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە ئاڵۆز بووە بەڵام لە لێدوان و روونکردنەوەکانی دەیەوێت وانیشانی بدات کە پەکەکە کێشەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بەڵام هیچ حیزبێک لەوبارەوە هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

ئەبوبەکر عەلی، وتیشی: یەکێتی شتی لەدەستدێت لەبەر ئەوەی هێزی هەیە رەنگە بەشداری ئەو شەڕەش نەکات، ئەم شەڕەش هەڵبگیرسێت یەک
ێتی بەشداری نەکات وێنەی حکومەت ناشیری دەبێت و بوای دەستێوەردانی وڵاتانی دیکەش زیاتر دەبێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی، تەقینەوەی بۆمبەکەی بە  ئۆتۆمبێلی هێزەکانی زێرەڤانی لە چەمانکێ خستە ئەستۆی پەکەکە  و بە بەزاندنی هێڵی سووری ناوبرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە ، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە ، هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان، ئەم هێرشەی ئەمڕۆش کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانی پەکەکە بە تووندی ئیدانە دەکەین.

سەرباری ئەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردوو، پارتی کرێکارانی کوردستان پارتی بەوە تۆمەتباردەکات کە رێگری لە هاتووچۆ کردنی گەریلاکانیان دەکات، میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویانکردەوە کە پارتی هێزێکی تایبەتی بە ناوی مەکتەبی سەرۆک، لە گوندی سرێشمەی پارێزگای هەولێرەوە تاوەکو گوندی بارزان جێگیر کردووە و هەرێمەکەی بە تەواوتی بە سەربازگە کردووە و لەپێش هەموو گوندێکیشدا بازگەی داناوە، هێزەکە چەکی دۆشکا، بیکەیسی و هەمەجۆرە چەکی پێشکەوتوو و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری هەمەری دژەگوللـەیان پێیە.

هاوکات هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆماجڤاکێن کوردستان وەڵامی بەیاننامەکەی دوێنێی مەسعود بارزانی  سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دایەوە و رایگەیاند، بارزانی نیەتی خۆی بۆ شەڕ ئاشکراکردووە، بەڵام ئێمە خۆمان بەدوور دەگرین لە هەرجۆرە روبەڕوبوونەوەیەک.

لە بەرامبەردا میدیاکانی پارتی کەوتوونەتە هێرشکردنە سەر پەکەکە و بەرپرسانی حزبەکە داوا دەکەن ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات کە بەزەبری هێز دەستی بەسەردا گرتوو.


ڕیکلام