فراکسیۆنی ئایندە بە مەرج پشتگیری یاسای قەرزکردن دەکات

  2020-11-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە یاسای قەرزکردن ڕایگەیاند، ئەوان پشتگیری لە یاساکە دەکەن، ئەگەر پرۆسەکە لەژێر چاودێری ئەنجومەنی وەزیران و شایستەی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی ئایندە ڕایگەیاند، ھەموان دەزانن، باری دارایی حکومەتی ئیتیحادیی دژوارە و کورتھێنانی گەورە لە بودجەی پێویستیی حکومەت ھەیە. ئەو دۆخە داراییە، لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان، کاریگەری خراپیی راستەوخۆی کردوەتە سەر ژیانی ھاوڵاتیان بە گشتی و کارمەندانی دەوڵەت بە تایبەتی .

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و روبەڕوبونەوەی گەندەڵیی و چاکسازیی ھەمەلایەن و دەستکردن بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی موچەی کارمەندانی حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ھاوکاری حکومەت بکات .

لە کۆتایی بەیاننامەکە فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەو گۆشە نیگایەوە، ئەوان پشتگیری پەسەندکردنی پرۆژە یاسای پاڵپشتیی کورتھێنانی دارایی (یاسای قەرزکردن) لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، بە جۆرێك کە گرەنتی شەفافیەتی پرۆسەکە لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران و بەش و شایستەی ھەرێمی کوردستان بکات .

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە و کەمبوونەوی داهاتی نەوت و پەتای کۆرۆناوە، دوو مانگە موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی دوادەکەوێت، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکەش حکومەتی عێراقی پرۆژە یاسای قەرزکردنی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی توانێت موچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بکات بۆ ئەم دوو مانگەی ساڵی ٢٠٢٠.



ڕیکلام