لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە خۆپیشاندەرێک کوژرا

  2020-11-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەو دەکات لە کوشتنی خۆپیشاندەرێک لە شاری بەسرە، پارێزگاری بەسرەش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕوداوەکەی ئەمڕۆ پێکهێناوە.

وەزارەتی ناوخۆیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سیاسەتی وەزارەتەکەیان بەوشێوەیەیە کە بە شەفافانە مامەڵە بکەن لەگەڵ ڕاسی گشتیدا سەبارەت بە روداوەکانی شاری بەسرە.

جەختیشیکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان پابەندن بە ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کە چەک هەڵنەگرن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران، بەڵکو ئەرکیان تەنها پاراستنی خۆپیشاندەران دەبێت و ئەوپەڕی دانبەخۆگرتنیان دەبێت لەوچوارچێوەیەدا.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی ناوخۆ ڕێوشوێنی یاسایی پێویستی گرتووەتە بەر سەبارەت بە ڕوداوەکانی ئەمڕۆی شاری بەسرە و تیمێکی تایبەتی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە، کە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکاندا لیکۆڵینەوە بکەن لەروداوی کوژرانی خۆپیشاندەرەکەی بەسرە.

جەختیشیکردووەتەوە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن و داواشی کردووە هەموو لایەک پابەندی یاسا بن و پارێزگاری بکەن لە ڕۆحی هاوڵاتی بوون.

لە لایەکی ترەوە عەباس ناجی فەرماندەی پۆلیسی بەسرە ڕایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە سەبارەت بە کوژرانی خۆپیشاندەرێک لە خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی ئەمڕۆدا.



ڕیکلام