ئێران.. نزیکەی 18 هەزار کەس لە تاران بەکۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

  2020-11-07  | 
تاران
نزیکەی 18 هەزار کەس لە تارانی پایتەختی ئێران بەکۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی شاری تاران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٨ هەزار کەس لەو شارە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

میدیاکانی ئێران لەزاری ناهید خۆداکەرەمی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە شورای شاری تاران بڵاویانکردەوە، لەئێستادا شەش هەزار توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەت و حکومییەکانی تاران خەوێندراون کە باری تەندروستی سێ هەزار کەسیان ناجێگیرە و لەژێر تەندروستی وردی پزیشکیدان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە تەنها رێگەچارە بۆ کەمکردنەوەی ئاماری توشبوون و گیان لەدەستدان، گرتنەبەری رێوشوێنی توند و جددی و کەرەنتینکردنی تارانە بۆ ماوەی دوو هەفتە.

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە شورای شاری تاران راشیگەیاندووە، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدایە، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە ١٧ هەزار و ٧٥٤ توشبووی کۆرۆنا تەنها لە شاری تاران گیانیان لەدەستداوە و ئەگەر رێکاری نوێ نەگیرێتەبەر، دۆخەکە خراپتر دەبێت.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نۆ هەزار و ٤٥٠ کەسی دیکە لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و بەوەش کۆی گشتیی توشبووانی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٦٧٣ هەزار و ٢٥٠ کەس. هەر لەو ماوەیەشدا ٤٢٣ کەسی دیکە لە سەرتاسەری ئێران بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوپێیەش تاوەکو ئەمڕۆ ٣٧ هەزار و ٨٣٢ توشبووی کۆرۆنا لە وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام