بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

  2020-11-07  | 
تاران
بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەنزیکبوونەوە لە سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەهای تمەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بەهای تمەن  لەبەرانبەر دراوە بیانییەکان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ شەممە ٧ی١١ی٢٠٢٠، لە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی دراو لە تارانی پایتەخت، هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە ٢٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە و بەروارد بە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەهای هەر دۆلارێک دوو هەزار تمەن دابەزیوە، واتە ئەمڕۆ هەر ١٠٠ دۆلارییەک بە دوو ملیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن فرۆشراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕەکانی ئێران، بۆ زیاتر لە ٣٢ هەزار تمەن بەرزبووەوە.

لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار لە ئێران، بەهای زێڕیش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

هاوکات سەرۆکی یەکێتی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە ئێران رایگەیاندووە کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێڵ وەستاوە و نرخی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان و بەتایبەتیش ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دروستکراوی دەرەوەی ئێرانن، بەشێوەی زۆر دابەزیوە. بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، بەهای ژمارەیەک  لەو ئۆتۆمبێلانە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن تمەن دابەزیوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بووەهۆی ناسەقامگیری بازاڕی کڕین و فرۆشتنی دراو بیانییەکان و زێر لە ئێران و نزیکبوونەوەی جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان لە سەرکەوتن، ئەوەندی تر بەهای تمەنی بەرانبەر ئەو دراوانە بەرزکردووەتەوە.



ڕیکلام