روسیا ئاگربەستی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانی راگەیاند

  2020-11-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی رووسیا رایگەیاند، ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەست رێككەوتوون و چیدیكە جەنگ لە كاراباغ روونادات، لەئەمڕۆشەوە هێزی ئاشتی پارێزی رووسی لە ناوچەكە بڵاوەیان پێدەكرێت.


شەوی رابردوو ڤلادمیر پوتن، رایگەیاند هەریەكە لە نیكۆل پاشینیان،  سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا و ئیلهام ئەلیێڤ، سەرۆكی ئازەربایجان، لەسەر رێككەوتنی ئاگربەستی تەواوەتی رێككەوتوون بەوەش جەنگ لە ناوچەی كاراباغ دەوەستێت. 

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، یەكەم چوار فڕۆكەی هەڵگری ئاشتی پارێزی ڕووسیا لەجۆری (ئیل -76) گەیشتە فڕۆكەخانەی ئاولیانۆڤسكی قەرەباغ كە كارمەندانی یەكەی ئاشتیپارێز و ئۆتۆمبێل و زرێپۆش و كەلوپەلیان هەڵگرتبوو. 

سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاندبوو، بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ناوچەی كاراباغ، رێككەوتنێكی ئازاربەخشیان واژۆ كردووە كە بە دڵی خەڵكی ئەرمینیا نییە، روونیكردەوە بڕیارەكەی لەپاش هەڵسەنگاندنی سەركردە مەیدانییەكانی سوپای وڵاتەكەیداوە، كە پێیانوابووە ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ ئێستا.

یەكەی ئاشتی پارێزی ڕوسیا كە 1960 سەرباز و 90 زرێپۆشی بارهەڵگر و 380 پارچە كەلوپەل پێكهاتووە بڕیارە خاڵێكی چاودێری ئاگربەست لە نزیك شارۆچكەی ستێباناگیرتی پایتەختی قەرەباغ دروست بكرێت. 

لە بەرامبەردا ئیلهام ئەلێیڤ، سەرۆكی ئازەربایجان، لە وتارێكی پەخشكراو لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵات، سەركەوتنی وڵاتەكەی لەشەڕەكەدا راگەیاند، كە ماوەی چەند هەفتەیەك بوو سەریهەڵدابووەوە. رێكەوتنی لەگەڵ سەركردەكانی ئەرمینیا و رووسیادا كردووە، بۆ راگرتنی كۆتایی پێكدادانە سەربازییەكان لەگەڵ سوپای ئەرمینیا.

بەپێی ئەو رێكەوتنەی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، هێزەكانی ئەرمینیا دەكشێنەوە و هەردوولاش لەگفتوگۆ بەردەوام دەبن بۆ چارەسەری كێشە و ناكۆكییەكانیان.


ڕیکلام