كچێك بە تێزاب هێرشی كردە سەر باوكی و كوشتی

  2020-11-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژی یەكشەممە كچێكی تەمەن 17 ساڵ لە شاری وەرامینی سەربە تارانی پایتەختی ئێران لە میانەی شەڕێكی خێزانیدا تێزابی بە باوكیدا پژاند و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی هەمشەهری، ئەو پیاوەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 50 ساڵ بووە بەهۆی قووڵی برینەكانی و سووتانی لەڕادەبەدەری دوای بەركەوتنی تێزابەكە دەموچاویدا، دوای ماوەنەوەی رۆژێك لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

رۆژنامەكە لە زاری برای ئەو كەسەوە كە گیانی لەدەستداوە دەڵێت، ئەو كچە نەخۆشی دەروونی هەبووە لە میانەی شەڕێكی لەگەڵ دایكیدا هێرشی كردووەتە سەر باوكی و تێزابی ئاوەڕۆی بە سەر و دەموچاویدا پژاندووە.

دۆسییەكە لە ئێستادا نێردراوە بۆ دادگای شاری وەرامین تاوەكو لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت و ئەگەری هەیە كە كچەكە بەو هۆیەوە بانگهێشتی دادگا بكرێت و دەستبەسەر بكرێت. 


ڕیکلام