مـەرگی قادری حاجی عەلی

  2020-11-11  | 
فۆتۆ: زمناکۆ ئیسماعیل
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سیاسییەکی کەمدوو، پڕ زانیاری بە دەگمەن لە بەردەم مایک و شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەبینرا، حەزی خۆدەرخستنی نەبوو ئەو لە تارماییەوە جوڵەی دەکرد و هەمیشە حیساب بۆ پێگە و هەڵوێستەکانی دەکرا.

لەم چەند ساڵەی رابردوودا هیوایەکی زۆری لەسەر هەڵچنرا کە رابەریەتی "بەرەی ناڕازیی" بکات بەڵام دۆخی سیاسی هەرێم و دواتریش پەتای کۆرۆنا رێگەیان نەدا ئەم سەرکردە بە هەژموونە پڕ بە دڵی خۆی و لایەنگرەکانی، ئەسپی خۆی تاو بدات.

بەیانی 10ی تشرینی دووەمی 2020 کە مەرگی قادری حاجی عەلی یەکێک لە دیارترین سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا بۆ زۆر کەس وەبیرهێنەرەوەی بەیانی 19ی ئایاری 2017 بووکە نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد.

چونکە لە لای ئەو کەسانەی خۆیان بە بەرەی ناڕازیی لە قەڵەم دەدەن لە دوای نەوشیروان مستەفاوە، قادری حاجی عەلی تاکە سەرکردە بووە بتوانێت رابەرایەتی ئەم بەرەیە بکات

قادری حاجی عەلی ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایکبووە کۆلێژی جیۆلۆجی تەواوکردووە ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە.

لە تەمەنی 28 ساڵی بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجەدەرانی کوردستان ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەکێتی دامەزراندووە ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە، ساڵانی 1998  بۆ 2000 کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە.

ساڵی 2009 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی بزوتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند سەرلەبەیانی 10-11-2020 بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد.

بەپێی قسەی بەشێک لەوانەی لە نزیکەوە ناسیویانە قادری حاجی عەلی بەردەوام لەگەڵ دەنگی ناڕەزایەتی و عەدالەت بووە، دژایەتی گەندەڵی کردووە لە یەکەمین ئەو کەسانەش بووە کە لە یەکێتی جیابووەتەوە و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و چەند کەسێکی دیکەدا بزوتنەوەی گۆڕانیان دامەزراندووە بەو هیوایەی سیستمی سیاسی هەرێم بگۆڕن.

ساڵی 2009 کە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەکەم هەڵبژاردنی کرد قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری میدیایی گۆڕان بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پەیامی گۆڕان زۆر بە بەهێزییەوە چووە ناو خەڵک و توانی هەست و سۆزی خەڵک بوروژێنێت، بەڵام  قادری حاجی عەلی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕانیش ئامادە نەبوو واز لە رەخنە بهێنێت و هەمیشە دەنگێکی ئۆپۆزسیۆنی نێو ئەو بزوتنەوەیە بووە تەنانەت لەکاتێکدا کە نەوشیروان مستەفاش لە ژیاندا بووە، هەر بۆیە چەند جارێک لە گۆڕان تۆراوە و دواتر لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە ئاشت کراوەتەوە.

دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا زۆربەی زومەکان چوونە سەر ئەوەی قادری حاجی عەلی ببێت بە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام بەهۆی ململانێکانی ناو گۆڕانەوە بواری هاتنە پێشەوەی بۆ نەڕەخسا ئەوەش زیاتر نیگەرانی کرد و دیسانەوە بۆ ماوەیەک لە گۆڕان دوورکەوتەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق گەڕایەوە و بوو بە سەرۆکی کەمپینی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان.

لەو هەڵبژاردنەدا کە یەکەم تاقیکردنەوە بوو دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا گۆڕان روبەرووی شکستێکی گەورە بووەوە نزیکەی نیوەی دەنگ و کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق لەدەستدا.

بە دوای ئەوەدا کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان قورستر لە جاران تەقینەوە لە ئەنجامدا قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود و چەندین هەڵسوڕاوی دیاری دیکە دەستیان لە گۆڕان کێشایەوە قادری حاجی عەلی دژی بەشداری گۆڕان بووە لە دەسەڵاتدا چونکە وتویەتی حزبەکانی دەسەڵات مایەی بەدبەختییەکانی خەڵکن لەمبارەوە لە وتارێکدا سەبارەت بە بەشداری  گۆڕان لە کابینەی نۆهەمی حکومەتدا نوسیویەتی: لای ئێمە حزب بە تایبەتیش حزبەکانی دەسەڵات بوونەتە یەکێک لکە ناشیرینترین ناونیشانە سیاسیەکان، خەڵک وەک سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکان و بەدبەختیەکانی ژیانی خۆی تەماشای دەکات.

هەروەها قادری حاجی عەلی لە دوایین وتاریدا کە نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا بڵاوی کردووەتەوە باسی نادادی و گوزەرانی هاوڵاتیان و شکستی حکومەت دەکات لەوبارەیەوە نوسیوویەتی "دەستبردن بۆ نەوت بەناوی سەربەخۆکردنی ئابورییەوە کوردستانی دوچاری رۆژێکی تاریک و بێ ئاسۆ کردووە دوای چەندین ساڵ لە فرۆشتنی نەوت و بانگەشەی چوونەسەر نەخشەی جیهان، دەستە نائەمینەکان بوونە ملیاردەر و میللەتیش هەژار و بێدەرەتان کەوت".

قادری حاجی عەلی بە سروشت کەسێکی کەمدوو بوو بە دەگمەن لە میدیاکانەوە دەردەکەوت بەڵام کاتێک قسەی کردووە کەسێکی گوێ لێگیرابووە لەم دوو ساڵەی رابردوودا بەشێکی لایەنگرانی گۆڕان.

لەگەڵ قادری حاجی عەلییدا لە گۆڕان چوونە دەرەوە و چاوەڕێ دەکرا سەرکردایەتی دەنگە ناڕازییەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بکات بۆ دروستکردنی جوڵانەوەیەکی سیاسی نوێ بەتایبەتی بەشێکی دیکەش لە سەرکردەکانی گۆڕان لە ئەدای حزبەکە نیگەرانن بەهۆی بەشداری لە حکومەت و نزیکبوونەوەی لە پارتی بە ناوی چاکسازییەوە چاکسازییەک قادری حاجی عەلی و دەیان کەسی دیکە گۆڕانیان بۆ دروستکرد و زۆربەی هاوڵاتیان ئێستا دەڵێن نە چاکسازی کرا و نە لە قتوی هیچ عەتارێکیشەوە دیارە.



ڕیکلام