دابەشکردنی دوو موچە لە عێراق، هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

  2020-11-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەت و پەرلەمانی عێراق گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی پەسندکردنی پرۆژە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی 2020 ، بڕیارە رۆژی 5 شەممە پرۆژەکە لە پەرلەمان پەسند بکرێت و دوو رۆژ دوای ئەوە وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی موچە بکات.


پەرلەمان و حکومەت ناکۆکبوون لەسەر بڕی ئەو پارەی حکومەت لە پرۆژەکەدا داوای کردبوو قەرزی بکات بەڵام دواجار رێککەوتن، چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان رێگە بە قەرزکردنی 15 بۆ 20 ترلیۆن دینار بدات، رێککەوتنەکەش دوای کۆبوونەوەکەی 9ی ئەم مانگەی نێوان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان هات.

چەند رۆژی رابردوو، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند " پێدانی مووچە دواکەوتووە، بەڵام هۆکارەکەی دیارە، کە بریتییە لە کورتهێنانی زەبەلاحی بودجە، کە مانگانە دەگاتە 4 ترلیۆن دینار، بۆیە ئەگەر پەرلەمان رەزامەندیی بدات لەسەر قەرز وەرگرتن، ئەوا لە دوو رۆژدا دەست بە پێدانی موچە دەکەین، بەڵام ئەگەر یاسای قەرز لەو ماوەیە پەسەند نەکرێت، ئێستا پارەی پێویستمان لەبەردەست نییە بۆ پێدانی موچە.

ئەو ئەندامانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەشداری کۆبوونەوەیان لەگەڵ مستەفا کازمی کردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پەسندکردنی یاسای قەرز بە مەرجی ئەوەیە حکومەتی عێراق بەو داهاتەی لەبەردەستیدایە، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی رابردوو بکات و لە کۆتایی ئەم مانگەشدا موچەی ئەم مانگە دابەش بکات و کۆتایی بە دواکەوتنی موچە بهێنێت، واتە لەم مانگەدا 2 موچە دابەش بکات.

ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە پرۆژەکە 320 ملیار دینارەکەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زامن کراوە و بەردەوام دەبێت، واتە ئەگەر حکومەتی عێراق دوو موچە دابەش بکات، ئەوا لەم مانگەدا بە دوو گوژمە بڕی 640 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە خشتەی موچەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە گومانیان لە نیازی حکومەتی هەرێم هەیە، ئەگەر پارەشی لەبەردەستدابێت دوو موچە دابەش بکات لە مانگێکدا، بەڵکو ترسی دووبارە بوونەوەی سیناریۆی 400 ملیارەکەی پێشوو تریان هەیە کە عێراق بە ناوی موچەی فەرمانبەرانەوە ناردبووی بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی نەکرد و وتی قەرزی پێدراوەتەوە.

بەشێکی گومانەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو ئەو بۆرییەی کە نەوتی هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت بۆ بەندەری جەیهان لە ناو خاکی تورکیادا تەقێنرایەوە و ماوەی چەند رۆژێک هەرێمی کوردستان نەوتی هەناردە نەکرد، فەرمانبەران و مامۆستایان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەت  بە بەهانەی کەمبوونەوەی داهاتی نەت لەم مانگەدا دوو موچە دابەشنەکات و هاوشێوەی 5 موچەکەی دیکە بە ئایندەیەکی نادیاری بسپێرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان 5 مانگ لە دابەشکردنی موچە لە دواوە بوو بەڵام مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر داوای حکومەتی عێراق بڕیاریدا  لیسی موچە رێکبکاتەوە لەجیاتی موچەی مانگی نیسان، موچەی مانگی ئەیلولی دابەشکرد، بەوەش موچەی 5 مانگی فەرمانبەران بە ئایندەیەکی نادیار سپێردرا، بەپێی رێککردنەوەی موچە بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە دوو مووچە دابەشبکات.


ڕیکلام