لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە سعودیە 4 کەس بریندار بوون

  2020-11-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئەنجامی هێرشێک بە بۆمبێکی چێنراو لە ئاهەنگێک لە شاری جیدەی سعودیە، کە لە لایەن باڵیۆزخانەی فەرەنساوە ڕێکخراوە، چوار کەس بریندار بوون.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ساڵانە بە بۆنەی ساڵیادی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە ئاهەنگێک لە گۆڕستانەی کە کەسانی هاوڵاتیانی بیانی نا موسڵمانیان تیا نێژراوە سازدەکرێت، بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی ئاهەنگەکەدا کە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاری بیانیش ئامادەبوون، بۆمبێک تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک بریندار بوون.

دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕایانگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکەوە یەکێک لە فەرمانبەرانی کونسوڵخانەی یۆنان و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سعودیە بریندار بوون.

وەزارەتی دەرەویە فەڕەنسا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و بە ترسنۆکانە ناویبرد.

دوای ڕوداوەکەش کونسوڵخانەی فەرەنسا  لە شاری جدەی سعودیە، داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و گەشتیاران کرد ئاگاداری خۆیان و خۆیان بە دوور بگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان لە سعودیەدا.

هاوکات هەریەکە لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا و یۆنان و ئیتالیا و بەریتانیا و ئەمریکا، ئامادەیی خۆیان دەربڕی ، کە هاوکاری دەسەڵاتدارانی سعودیە بکەن لە لێکۆڵینەوەکاندا.

ئەو هێرشەکەش لە کاتێکدایە، کەمتر لە مانگێک لەمەوبەر، بە چەقۆ هێرش کرایە سەر کارمەندێکی ئەمنی لە کونسوڵخانەی  فەڕەنسا لە شاری جدە، دواتر دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕایانگەیاند، کەسێکی تەمەن ٤٠ ساڵیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیر کردووە.



ڕیکلام