بایدن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەردۆغان دەکات؟

  2020-11-11  | 
دیدارێکی پێشتری نێوان بایدن و ئەردۆغان - ئەرشیف
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پسپۆڕانی بواری کاروباری تورکیا دەڵێن، پەیوەندییەکانی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا باش نییە.

لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکان لە ناوەراستی مانگی ئابی ئەمساڵ، جۆ بایدن لە پرۆگرامی "زە ویکلی" لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا، باسی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا کرد ئەگەر بگاتە کۆشکی سپی، بایدن لەو چاوپێکەوتنەدا وتی "دەتوانین کۆمەکی ئەو کەسانە بکەین کە تا ئێستاش لە تورکیادان و هانیان بدەین بۆ ڕوبەڕوبوونەویە ئەردۆغان و شکستپێهێنانی، بەڵام نەک لەڕێگەی کودەتاوە، بەڵکو لەڕێگەی پرۆسەی  هەڵبژاردنەوە".

بایدن وتیشی "کاتی زۆرم لەگەڵ ئەردۆغان بەسەر بردووە، ئینکار و زۆردارە، ئەو سەرۆکی تورکیایە بەڵکو زۆر زیاتر لەوەش، پێویستە باجی ئەوە بدات".

سەرۆکی نوێی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردبوو، پێویستە لەسەر تورکەکان لەوە بگەن، ئەمریکا بەشێوەیەی پێشتر بەردەوام نابێت لەسەر گەمەکردن لەگەڵیاندا کە لەوەبەر لەسەر ڕاهاتوون، بەڵکو ئەمریکا پێویستی بە کارکردنی گەورەترە لەگەڵ هاوپەیمانەکان بۆ پەراوێزخستنی کارەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەربارەی ئەو بۆچوونانەی بایدن، محەمەد عوبەیدوڵا چاودێر و شیکەرەوەی سیاسی رەوشی تورکیا بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتۆن وەک سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بەردەوام نابێت، بەڵکو ئەردۆغان روبەڕووی چەندین ڕێگر و بەربەست دەبێتەوە، کە ڕێگر دەبێت لەوەی پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بنیات بنێت لەژێر سەرکردایەتی بایدندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، خودی بایدن لە لێدوانەکانیدا  وا باسی لە ئەردۆغان کردووە، کە گەورەترین کێشەیە لە ناوچەکە و جیهانیشدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئەردۆغان باجی ئەو کارانەی بدات کە لەناوچەکەدا ئەنجامی داوە.

لە لایەکی ترەوە محەمەد حامید بەڕێوەبەری کۆربەندی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی ڕایگەیاند، بایدن کاردەکات بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کوردەکان و بزوتنەوەی خزمەت بە سەرۆکایەتی فەتحوڵا گویلەن، کە خاوەنێکی هەژموونێکی گەورەیە لەناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

بەکوتەی ئەو توێژەرە سیاسییە، سەرەتای پەیوەندییەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و بایدن دەرکەوتووە، ئەویش کاتێک کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ پیرۆزبایی لە جۆ بایدن کرد بە بۆنەی سەرکەوتنەکانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵام ئەردۆغان کەمێک دواکەوت لە پێکەشکردنی پیرۆزبایی بەو بۆنەیەوە.

بەڕێوەبەری کۆربەندی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن کاردەکات لەسەر لاوازکردنی هەژموونی تورکیا کە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی ڕابردوودا پەلی هاویشتووە، بەشێوەیەک ئەردۆغان بوونی ترەمپی لە دەسەڵاتدا بە هەل زانی، دەستوری وڵاتەکەی هەموار کرد و سیستمی سەرۆکایەتی چەسپاند و سیستمی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، لە سوریا و لیبیا و بایەتی گەران بەدوای نەوت و وزەدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست پەلی هاویشت.

ئەو شیکەرەوە سیاسییە  پێی وایە بایدن چەندین بژاردە و دۆسیەی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لەبەرامبەر ئەردۆغان بەکاریان بهێنیت، وەک کێشەی رەزا زەراب سەرمایەداری تورکی بە رەگەز ئێرانی، هەروەها بانگی خەلق تورکی حکومی ، کە دەسەڵاتدارانی دادوەریی ئەمریکا تۆمەتباری دەکەن بە فیڵکردن لە بانکەکانی ئەمریکا و پێشیڵکردنی سزا سەپێنراوەکانی واشنتۆن بەسەر ئێراندا، ئەو کارانە لەڕێگەی تۆڕێکی گەندەڵ بۆ سپیکردنەوەی پارە کراوە بەسەرۆکاتی زەراب و ئەردۆغان و پیاوە نزیکەکانی.

جگەوە لەوەش باسی کێشە ناوخۆییەکانی ئیستای تورکیای کردووە، کە بایدن دەتوانێت کێشە بۆ ئەردۆغان دروست بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان کارکردنی بە یاسا و دەستور هەڵوەشاندووەتەوە و پرۆسەی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵیش لە ناوخۆیی تورکیا ماوەی چەند ساڵە بەردەوامی هەیە، ئەوە سەرەڕای کێشە ئابورییەکانیش کە برستی لە دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا بڕیووە.



ڕیکلام