بەشیر حەداد: بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لایەنێکی ئەرێنی هەبوو

  2020-11-12  | 
بەغدا
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری تێپەڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران لایەنێکی ئەرێنی هەبوو کە فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان لەسەر بەرگریکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان یەکهەڵوێست بوون.

بەشیر حەداد لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، "بە پێویستی دەزانم سوپاسى گشت فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامە بەڕێزەکانیان بکەم بۆ ئەو هەوڵ و خەمخۆری و شەونخوونییەی کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامیان دا بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە بتوانین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگەینە رێککەوتن لەسەر یاسای قەرز کە درەنگای شەوی رابردوو دەنگی لەسەر درا . "

دەشڵێت، "پێویستە ئەو راستیە بڵێم کە تێکڕای پەرلەمانتارانی کورد لەسەر ئەو یاسایە هاوهەڵوێست و یەکڕیز بوون چ لە کاتی بایکۆت کردن و چ لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، ئەوەش ئەوپەڕی خەمخۆری دڵسۆزی هەموویان بوو بۆ موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان".

راشیگەیاندووە، "بەڕای ئێمە ئەگەر چی تێپەڕکردنی ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبوو و لایەنەکانی شیعە و بەشێك له سوننەکان لەسەر بنەمای کەمینە و زۆرینە بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواستەکانی کورد تێپەڕاند، بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنێکی ئەرێنی هەبوو کە فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان یەکهەڵوێست بوون . "

بەشێر حەداد ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر بمانەوێت زیانەکانی ئەو یاسایە کەم بکەینەوە و رێگەچارەیەکى بۆ بدۆزینەوە، ئەوە پێویستە لەسەر ئەو هەڵوێستەى یەکڕیزییە، بەردەوام بین و ئەرکی میدیای کوردییشە کە ئەوانیش لە هەوڵی بەهێز کردنی ئەو رۆحیەتی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستییە بن ، نەک کاربکەن بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان . "

هەر لە پەیامەکەیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەموو لایەک دەکات، بەرژوەندی خەڵک و گەلی کوردستان پێش بەرژەوەندی کەسی بخەن و خۆیان بە دوور بگرن لە موزایەدەی سیاسی و خۆدەرخستن لە راگەیاندنەکان، راشیگەیاندووە، "با خەمی خەڵک و مووچە و مافە ڕەواکانیان پێش هەموو شت بخەین".



ڕیکلام