حەسەن ڕۆحانی: رێوشوێنەکانی خۆپارێزی توند دەکەینەوە

  2020-11-14  | 
تاران
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵی کردنی قەیرانی کۆرۆنا، لە هەفتەی داهاتووەوە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی توندتر دەکەنەوە.

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە پلانی نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی کۆرۆنا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێوشوێنە خۆپارێزییەکان توندتر دەکەینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ئەو پلانە لە شار و شارۆچکەکان جیاواز دەبێت و وردەکاری پلانەکەش هەفتانە رادەگەیندرێت، وتیشی، پلانەکە تا کۆتاییهاتنی کۆرۆنا بەردەوام دەبێت.

لە وتەکانی حەسەن رۆحانیدا هیچ ئاماژەیەک بە کەرەنتین کردنی تارانی پایتەخت نەکرا، کە لە چەند رۆژی رابردووا چەندین جار پێشنیازی بۆکراوە.

لە چەند هەفتەی رابردووا رێژەی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش، لە شەو و ڕۆژی رابردوودا ١١ هەزار و ٢٠٣ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا لە لە سەرتاسەری ئێران تۆمارکراون و بەوەش ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە ٧٤٩ هەزار و ٥٢٥ کەس، هەروەک لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٤٥٢ توشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی مردووانی کۆرۆنا لە ئێران، گەیشتووەتە ٤١ هەزار و ٢٤ کەس.



ڕیکلام