پەیمانگایەکی ئەمریکی: مستەفا کازمی شکستی خواردووە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی

  2020-11-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەیمانگای برۆکینگزی ئەمریکا وێنەیەکی رەشی توانای سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شەش مانکی ڕابردوودا دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، مستەفا کازمی شکستی خواردووە لە وەدیهێنانی ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیراندا دابووی.

پەیمانگاکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کازمی بە تەنها ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە پێویستی بە پەرلەمانە، بۆ هەڵبژاردنەکانیش بە هەماش شێوە ڕاستە.

کاتێک کازمی لە پۆستەکەی دەستبەکار بوون، کەسانێکی زۆر ئاستی متمانەبوونیان بەرزکردنەوە سەبارەت بە تواناکانی ئەم کەسایەتییە عێراقییە، کە بتوانێت دووبارە ئاسایش و ئارامی بۆ عێراق بگێڕێتەوە، بە تایبەت کاتێک پرۆژیەکی چاکسازیی ڕاگەیاند و ژمارەیەک کاری لە پێشینەی دیاریکرد بۆ حکومەتەکەی ئەنجامیان بدات، لەسەروو هەموویانەوە، کۆنترۆڵی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە و پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندەران و سازاندنی کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

ڕاپۆرتەکە پێی وایە ، توانا و ئەدای کازمی لە ئاستی حەزو خواستە تایبەتەکانیدا نەبووە، بە تایبەت لە ڕوبەڕووبوونەوەی میلیشیا چەکدارەکان و هێرشە موشەکییەکانیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ڕاپۆرتەکە لەو بارەیەوە پشتی بەوە بەستووە، یەکەم بەربەست و رێگر کە ڕوبەڕوی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆوە، ئەو کاتە بوو  کە دەزگای دژەتیرۆر ئۆپراسیۆنێکی ئەنجامدا لە پای هێرشێکی موشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزو بووە کوژرانی ئەندامێکی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی دیکە، بەڵام دواتر سەرجەمیان ئازاد کران جگە لە یەک کەسیان نەبێت.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، ئۆپراسیۆنە نەک تەنها بووە هۆی ئازادکردنی دەستگیرکراوە، بەڵکو کازمی پۆزشی بۆ کەتیبەکانی حزبوڵاش هێنایەوە و سەرزەنشی هێزەکانی دژەی تیرۆریشی کرد.

ڕاپۆرتەکەی برۆکینگیز پێی وایە کازمی بەو کارەی ناسرا بەوەی کە خراپ دەزگا و تواناکانی دەوڵەتی بەکارهێناوە و ناوبانگی یەکێک لە هەرە دەزگا گرنگ و جێی متمانەی عێراقی  زڕاندووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق شکستی خواردووە لە وەدیهێنانی دادپەروەری سەبارەت بە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان، چالاکانیش گومانی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە تواناکانی و ئەنجامدانی ئەو چاکسازیانەی کە بەڵێنی لەسەر دابوو، سەبارەت بە ڕاگرتنی کردەوەکانی کوشتن و فڕاندن، کە ناوبەناو روبەڕوی چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی دەبێتەوە لە عێراقدا.

لەگرنگترین ئەو مەترسی و ڕێگریانەی دیکەش کە ڕوبەڕوی کازمی بووەتەوە، کێشەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و چاکسازی ئابوری و پەیوەندییەکانی دەرەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کازمی دەستی بەستراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی زۆری هەیە کە پێویستە بەکاریان بهێنێتن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گروپە چەکدارەکان و وەدیهێنانی جێگری لە کەرتی دارایی و ئاسایش و تەندروستی، بۆ ئەوەی متمانەی جەماوەری  بۆ بگەڕێتەوە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا پۆستەکەی وەرگرت، لە کاتێکدا شەقامی عێراقی خۆپیشاندانی فراوانی تیا بەڕێوەدەچوو.



ڕیکلام