وەلید موعەلیم، لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دواییكرد

  2020-11-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سوریا و جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆچی دواییكرد.

ئاژانسی فەرمی سووریا رایگەیاند وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سوریا لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، ئەو ماوەی 14 ساڵ بوو وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بوو لە سەردەمی ئەودا وڵاتەكەی رووبەڕووی قەیرانی شەڕی ناوخۆی بوویەوە. 

ناوبراو یەكێك لە كەسایەتیە دیارەكانی حكومەتی سوریا بووە و بە درێژایی ژیانی سیاسی خۆی چەندین پۆستی لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكە وەرگرتووە، لەوكاتەی وڵاتەكەی رووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی بوویەوە توانی بە بەدەستهێنانی پشتیوانی هەریەكە لە روسیا و ئێران حكومەتی وڵاتەكەی لە روخان بپارێزێت. 

ئەو لە ساڵی 1941 لە دیمەشق لە دایكبووە، بەكالۆریۆسی لە ئابووری و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی قاهیرە بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1964وە لە وەزارەتی دەرەوە دەستی بە كاركردووە. 

 ناوبراو بۆ ماوەی پێنج ساڵ باڵوێزی وڵاتەكەی بووە لە رۆمانیا و ماوەی ساڵانی 1990 تا 1999 باڵوێزی ئەو وڵاتە بووە لە ئەمریكا دوای وەرگرتنی چەند پۆستێك لە وەزارەتەكە لە ساڵی 2006دا بووەتە وەزیری دەرەوە و تا كۆچی دوایی لە پۆستەكەی بەردەوام بوو لە ساڵی 2012 لەگەڵ سەرەتای دەستپێكردنی بەهاری عەرەبی بووەتە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. 


ڕیکلام