لە عێراق سزای لە سێدارەدان بەسەر ٢١ کەسدا جێبەجێ کرا

  2020-11-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی عێراق ئەمڕۆ لە گرتوخانەی ناسریەی باشوری ئەو وڵاتە سزای لە سێدارەدانیان بەسەر ٢١ کەسدا جێبەجی کرد، دوای ئەوەی لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پەسەند کرابوون.

ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و تەندروستییەوە بلاویکردەوە، ئەو ٢١ کەسە بە گوێرەی مادەی ٤ی تیرۆر سزای لە سێدارەدانەکانیان بەسەر سەپێنراوە، سەرجەمیان عێراقی بوون و دانیشتووی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار و بەغدا و بەسرە بوون.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕوبەڕوی ڕەخنە و گلەی نێودەوڵەتی بووەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو سزای لە سێدارەدانانەی کە جێبەجێیان دەکات.

لەوبارەیەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، عێراق ساڵانە ژمارەی لە سێدارەدراوەکان بەرەو زیاتر دەچێت، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٥٢ کەس لە سێدارە دراوە و لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەکە بووە بە دوو هێندە و ١٠٠ کەس لە سێدارە دراوە.

لە عێراقدا هیچ بڕیارێکی لە سێدارەدان جێبەجێ ناکرێت تا سەرۆکایەتی کۆمار پەسەندی نەکات، ئەویش دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی حکومەکە لە داگای پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوە.

لە ئێستادا لە عێراق ژمارەیەکی زۆر چاوەڕوانی جێبەجێ کردنی سزای لە سێدارەدانن، زۆربەشیان بە تاوانی تیرۆر سزاکەیان بۆ دەرچووە و لە گرتووخانەی ناسریەی باشوری عێراق زیندانی کراون، کە ناسراوە بە گرتووخانەی "حوت" .



ڕیکلام