کازمی: دەیانەوێت ڕێگری دروست بکەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە

  2020-11-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی ئێستا حکومەتێکی کاربەڕێکەرە و ئامانجی گەیشتنە بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام هەیە دەیەوێت کێشەی بۆ دروست بکات.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی نوسینگەکەی، کازمی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنجومەنی ئەو لایەنانەی کە نەبەستراون بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکانەوە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکانەوە، دەستپێشخەرییەکی نوێیە و بۆ یەکەمجارە لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکاندا دەکرێت، بەشێوەیەک هەموو مانگێک بەشێوەی خولی کۆبووەتەوە.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجومەنەکە ئامانجی هەماهەنگی و پەیوەندییە لەگەڵ لایەن و دەستەکان، بە مەبەستی لابردنی بەربەست و ڕێگرییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، بۆ ئەوەی بڕیار و رێنماییەکانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بۆ دەنگدان لەسەری.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی ئێستا حکومەتی کار بەڕێکەرە و ئامانجی گەیشتنە بە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، بەڵام هەیە دەیەوێت بەربەست و ڕێگری لەبەردەم دروست بکات، لە ئێستاشدا وڵات ڕوبەڕووی ڕێگری گەورە بووەتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە بە درێژایی ڕۆژ کاردەکرێت بۆ لابردنی بەربەستەکان و هێنانەوەی وڵات بۆ سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی.

ئەوەش لە کاتێکدایە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا، جارێکی تر پابەندبوونی حکومەتەکەی بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دووپاتکردەوە، کە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ دیاریکراوە.



ڕیکلام