سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیا هۆشداری دایە جیاخوازەکانی هەرێمی تیغرای وڵاتەکەی

  2020-11-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئابی ئەحمەد سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیا هۆشداریدا لەوەی ئەو مۆڵەتە سێ ڕۆژەی کە دیاریکردبوو بۆ هێزە جیاخوازەکان لە هەرێمی تیغرای کۆتایی هات، ئەوەش بە مانای زەمینە سازییە بۆ هێرشکی کۆتایی یەکلاکەرەوە بۆسەر ناوچەی میکلیلی پایتەختی هەرێمەکە لە باکوری ئەو وڵاتە.

لە بەیاننامەیەکدا سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەو سێ ڕۆژەی کە وەک مۆڵەت دراوە هێزەکانی تیغرای و میلیشیاکان بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەنبە سوپای بەرگری نیشتیمانی ئەمڕۆ کۆتایی هات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە، کار بەیاسا دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە.

لە لایەکی ترەوە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، هیزەکانی بەرگری نیشتیمانی ئەسیوبیا هێرشی ئاسمانی وردیان ئەنجامداوە لە دەرەوەی تیغرای- میکلی پایتەخت، ئەو هەواڵانەشی بە پڕوپاگەندە لە قەڵەمداوە، سەبارەت بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هەرێمی میکیلی و کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمەکە.

ئەوەی لەم هەفتەیەدا لە هەرێمی تیغرای ئەسیوبیا ڕوودەدات، بریتیە لەوەی هێزەکانی تیغرای موشەکەیان بە ئاراستەی دەوڵەتی ئەریتریای هاوسێ تەقاندووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە، کە تا ئێستا بە سەدان کەس لە هەردوولای کوژران و مەترسی لەسەر ئارامی ئەسیوبیا و کەنارەکانی ئەفریقا دروستکردووە.

بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی هەفتەی ڕابردووەوە، زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس وەک پەنابەر بۆ وڵاتی سودان هەڵاتوون.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا سوپای ئەسیوبیا دەستی بە پێشڕەوی کردووە، هێزەکانی هەرێمی تیغرای  دەستی بە شوێنەکانی خۆیەوە گرتووە و چاوەڕوانیش دەکرێت شەڕی سەخت لە ناوچەکە بێتە ئاراوە.

هەرێمی تیغرای یان تکرینیا، دەکەوێتە باکوری ئەسیوبیاوە، لە باکورەوە ئەریتریان هاوسێیەتی و لە خۆرئاواوە سودان و لە باشوریشەوە هەرێمی ئەمهەرە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥ ملیۆن کەسن و لە ٩٥%ی خەڵکەکەی مەسیحی ئەرسۆدۆکسن و لە ٤%ی موسڵمانن، بە ژمارەیەکی کەمیش لە ئاینی کاسۆلیک و پرۆتستانتیان تێدایە.



ڕیکلام