چەند موشەکێک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کران

  2020-11-17  | 
بەغدا
چەند موشەکێک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ناو ناوچەی سەوز و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بەغدا، چەند موشەکێکی جۆری کاتیۆشا کەوتنەخوارەوە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمشەو چوار موشەک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کراون.

ئاماژەیان بەوەشکرد، پێش کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان، بەرگری ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا کارا بوون و بەرپەرچی موشەکاکانیان داوەتەوە.

دوای پێنج هەفتە ئەمە یەکەمجارە هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەویش پاشئەوەی گروپی (مقاوەمەی عێراقی) رۆژی 10ی مانگی رابردوو وەستاندنی هێرشەکانی راگەیاندبوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، بۆ کشانەوەی 2000 سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەرباز لە عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی١١ی٢٠٢٠، کریستۆفەر میللەر وەزیری بەرگری بەوەکالەتی ئەمریکا رایگەیاند، "پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، 2000 سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازیش لە عێراق دەکشێنینەوە".




ڕیکلام