نرخی نەوت لە بازاڕەكانی ئەمڕۆی جیهاندا

  2020-11-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 43 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 41 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.


ئەوە لە كاتێكدایە بەیانی دوێنێ سێشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 44 دۆلار و  17 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە 41 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەوەش نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەكەیەوە بەراورد بە دوێنێ دابەزینی چەند سەنتێكی بەخۆیەوە بینیوە. 

هەواڵی گەیشتنە ئەنجامی ڤاكسینی  كۆرۆنا لە لایەن دوو كۆمپانیای ئەمریكی و ئەڵمانیەوە هاوكات هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا نرخی نەوتی بەرزكردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئێوارەی رۆژی دووشەممە كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریكی سەركەوتنی ڤاكسینەكەی راگەیاند بەشێوەیەكی راستەوخۆ نرخی نەوتیش بەرز بوویەوە، بەڵام لەمڕۆدا جارێكی دیكە دابەزینی چەند سەنێكی بەخۆیەوە بینی.  

ماوەی نزیكەی حەوت مانگی رابردوو بەهای نەوت بەشێوەیەكی ئاسایی رووی لە بەرزبووەنەوە كردووە بەراورد بە چەند مانگی سەرەتای ساڵ كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبویەوە، هۆكاری بەرزبوونەوەكەش بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان لە جیهان دەگەڕێتەوە دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.


ڕیکلام