ترەمپ پەنا بۆ دوا چڵە پوش دەبات

  2020-11-20  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە نیازی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدارە لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی پارتەکەی لە ویلایەتی میشیگن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەی.

ئاژانسی هەواڵێ ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەڵمەتەکانی ترەمپ گۆڕاوە بۆ ستراتیژیەتێکی نوێ، کە پشت دەبەستێت بە ڕازیکردنی ژمارەیەک لە یاسادانەرانی کۆمارییەکان، بۆ ئەوەی دەستوەردان بکەن لە ئەنجامی ئەو ویلایەتانەی کە یەکلایی بوونەوە و تیایاندا جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بردوویەتییەوە.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئامانج لەو هەوڵە نوێیانەی ترەمپ، دروستکردنی گومانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بە تایبەت دوای ئەوەی تیمەکەی ڕوبەڕوی زنجیرەیەک تێکشکانی یاسایی بوونەوە.

سەرباری ئەو هەوڵانەی ترەمپ، بایدن توانیویەتی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا براوە بێت و کاریش دەکات بۆ ئەوەی لە رۆژی ٢٠ کانونی دووەمی داهاتوودا پۆستەکەی وەربگرێت وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بەڵام تا ئێستاش ترەمپ دان نانێت بە بەزینی خۆیدا و بەشوێن ڕێگە و بیانوویەکدا بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بە تایبەت کاتێک دەڵێت ساختەکارییەکی فراوان کراوە لە کاتی دەنگداندا، بێ ئەوەی هیچ لایەنێکی یاسایی هەڵبژاردنەکان ئەو پڕوپاگەندانەی ترەمپ پشتڕاستبکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان تیمی ترەمپ لە ئێستادا کار لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەردوو ویڵایەتی میشگن و پەنسلڤانیا دەکەن، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکانیان بشبێت بە بەرژەوەندی ناوبراو، هێشتا پێویستی بەگۆڕینی دەرئەنجامی زیاترە لە ویلایەتی دیکەی ئەمریکا، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکاندا بەسەر بایدندا سەرکەوێت.

یاساناسەکانی ئەمریکا هۆشداریان داوە لەو هەڵسوکەوتە گۆماناویانەی کە ترەمپ پەیڕەوی دەکات، وەک سەرۆکی دەسەڵاتێک کە دەیەوێت گومان لەسەر پرۆسەیەکی دەنگدان دروست بکات، دەنگدەران بە ئیرادەی خۆیان دەنگیان داوە، گومانی خۆشیان نیشانداوە لەوەی هیچ ئەنجومەنێکی یاسادانان بتوانێت لە هیچ ویلایەتێکی وڵات ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بگۆڕێت، لە کاتێکدا ئەوان دەنگیان داوە بە یاسایەک کە هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەبات.

بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا کە تا ئێستا ئاشکرا بووە، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان ٣٠٦ دەنگی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکانی بەدەستهێناوە، کە لە بنەڕەتەوە پێویستی بە ٢٧٠ دەنگە، بەڵام ترەمپ ٢٣٢ دەنگی کۆمەڵکەی بەدەستهێناوە.

پێویستە لەسەر هەموو ویلایەتەکان، ٦ ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی هەڵبژاردن، کە لە ١٤ی کانوونی دووەمی داهاتوودا ساز دەکرێت، ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بچەسپێنرێت.

 

 



ڕیکلام