تۆڕێکی ساختەکاری لە خانەنشینی عێراق ئاشکرا کراوە مانگانە ٣٠ ملیار دیناریان دزیووە

  2020-11-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگای هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئاشکرایکرد، تۆڕێکی ساختەکارییان لە دەستەی خانەنشینی گشتی ئاشکراکردووە، مانگانە ٣٠ ملیار دیناری تیا خوراوە.

لە بەیاننامەیەکدا ئاژانسی هەواڵگری عێراق بڵاویکردەوە، بە چاودێری تایبەتی عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ و ڕەزامەندی دادوەوەر، توانراوە تۆڕێکی ساختەکاری ئاشکرا بکرێت و هەڵوەشێنرێتەوە، کە پێکهاتبوون لە ٢٩ تۆمەتبار، کە ژمارەیەکیان فەرمانبەر و کارمەندی بەدواداچوون لە دەستەی خانەنشینی گشتی.

ئاژانسی هەواڵگری ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانە هەستاون بە کاری ساختەکاری و فێڵ بەسەر یاسا و دەرکردنی ناسنامەی خانەنشینی بۆ هاوڵاتیان و پێدانی موچە پێیان، کە هەبووە موچەکەی گەیشتووەتە ٨ ملیۆن دینار ، چان جیاوازی دارایی گەورە کە هەندیک جار گەیشتووەتە ٢٦٠ ملیۆن دینار، بە بێ بوونی هیچ پشیتوانییەکی یاسایی.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش تیمێکی کار پێکهێنراوە لە دەزگای هەواڵگری و توانیویانە دزە بکەنە ناو تۆڕەکە و بە بەڵگەوە کارە ساختەکاری و نایاسایەکانیان بەبەڵگەنامەیی کراوە بە وێنەو و ڤیدیۆ و ئەو کەسانەش کە پرۆسەکەیان بەڕێوە بردووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرجەم تۆمەتبارەکان و ئەوانەش کە لە کارە ساختەکاری و نایاساییەکەوە تێوەگلاون، ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی باجی شایستەی تاوانەکەیان وەربگرن.



ڕیکلام