ئۆكسفۆرد ڤاکسینێکی بەرهەم هێنا کە گواستنەوەی ئاسانتر و نرخی هەرزانترە

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی ڤاكسینێكی بەرهەم هێناوە كە رێژەی سەركەوتنی كەمترە، بەڵام شێوازی گواستنەوە و نرخەكەی هەرزانترە.

دوای ڤاكسینەكەی هەریەكە لە كۆمپانیاكانی فایزەر و مۆدێرنا كە بەڕێژەی ٪95 سەركەوتنیان بەدەستهێنا، زانكۆی ئۆكسفۆرد ڤاكسینێكی بەرهەم هێنا كە ڕێژەی سەركەوتنی 70% بەڵام بەراورد بە دوو ڤاكسینەكەی دیكە ئەوەی ئۆكسفۆرد زۆر هەرزانترە و كۆگاكردن و بەدەستهێنانی ئاسانترە.

لە ئێستادا ڤاكسینەكە لە چاوەڕوانی پەسەندكردنیەتی لەلایەن دەستەی چاودێرانی دەرمانەوە، زانایانی ئۆكسفۆرد ماوەی 10 مانگ سەرقاڵی ئەم لێكۆڵینەوەیەبوون بۆ دروستكردنی ڤاكسینەكە. 

تۆڕی هەواڵی بی بی سی رایگەیاند: حكومەتی بەریتانیا داوای بڕی 100 ملیۆن لە ڤاكسینەكەی كردووە ئەو ڕێژەیەش بەسە بۆ كوتانی 50 ملیۆن كەس كە بۆ هەر كەسێك دوو ژەمی كوتانی پێویستە. 

ڤاكسینەكە لەسەر 20 هەزار خۆبەخش تاقیكراوەتەوە كە نیوەیان لە بەریتانیا و بەشێكیان لە وڵاتی بەرازیلن، ئەو كەسانەی دوو ژەمی بەرزیان لە ڤاكسینەكە پێدراوە ڕێژەی بەرگریان ٪62 بووە بەڵام ئەم ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ ٪90 لەو كەسانەی كە ژەمێكی ئاست نزم و پاشان ژەمێكی ئاست بەرزیان پێدراوە.

ئەو ناوەندەی هەواڵ راشیگەیندووە، تائێستا ڕووننەبووەتەوە هۆكاری ئەو جیاوازییە چییە لە شێوازی كوتانەكاندا، بەڵام بەریتانیا لە ئێستادا چوار ملیۆن دەرزی ئامادەكراوی هەیە بۆ دابەشكردن و ئامادەكاری دەكرێت بۆ وەرگرتنی 96 ملیۆنەكەی دیكە.

بەهۆی ئەوەی لەلایەن دەستەی چاودێری دەرمان پەسەند نەكراوە ناتواندرێت ڤاكسینەكە بەكار بهێندرێت لەپێناو دڵنیابوون لەوەی ڤاكسنەكە بە كوالێتیەكی باش بەرهەمهێندراوە و تەواو سەلامەت و چالاكە بۆ بەكارهێنان، ئەم هەنگاوەش لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجامدەدرێت.

سەرچاوە: بی بی سی


ڕیکلام