میدیای ئیسرائیل: بنیامین نەتەنیاهۆ بە نهێنی سەردانی سعودیەی کردووە

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە نهێنی سەردانی سعودیەی کردووە و لەگەڵ محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیەدا کۆبووەتەوە.

ماڵپەڕی "وایلا"ی هەواڵی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، یوسی کۆهین سەرۆکی دەزگای هەواڵگر هاوڕێیەتی نەتەنیاهۆی کردووە لەو سەردانە نهێنییەدا بۆ سعودیە.

بە گوێرەی زانیارییەکان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕێگەی فڕۆکەیەکی سەر بە سەرمایەدار ئاودی ئەنجیل ئەو گەشتەی کردووە.

بەگوێرەی چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، فڕۆکەکە لە ئیسرائیلەوە لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕوویکردووەتەوە کەنارەکانی دەریای سور و دوای پێنج کاتژمێر گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.

ماڵپەڕی (i24news ) ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لەوکاتەی نەتەنیاهۆ گەشتی سعودیەی کردووە، بڕیاربووە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکرێت سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕۆژی شەممە دیوانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی حکومەت دواخراوە بۆ ڕۆژی دووشەممە، چونکە دوو وەزیری کابینەکە راپۆرتی خۆیان ئامادە نەکردووە، سەبارەت بە بەکارهینانی هۆکارە دیجیتاڵییەکان بۆ سنوردارکردنی بڵابوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا.

لێپرسراوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن ئەوەش بەهانەیەک بووە بۆ داپۆشینی سەردانەکەی نەتەنیاهۆ بۆ سعودیە.

سەرباری ئەوەی نوسینگەی نەتەنیاهۆ بێدەنگی هەڵبژاردووە سەبارەت بە سەردانەکەی ناوبراو بۆ سعودیە، بەڵام (i24news ) لە زاری سەرچاوەیەکی سعودیەوە ڕاستی و دروستی سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە پشتڕاستکردەوە.



ڕیکلام