لە فڕۆکەخانەی بەغدا ڕێکخەری کاروباری ئیدارەی گشتی داعش دەستگیر کرا

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکخەری کاروباری ئیدارەی گشتی ڕێکخراوی داعش لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کراوە.

یەحیا رەسوڵ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوەو، لەمیانی چاودێری بەردەوام و کارکردنی مەیدانی، دەزگای دژەتیرۆر توانیویەتی ڕێکخەری کاروباری ئیدارەی گشتی گروپی چەکدارانی داعش، کە ناسراوە بە "ئەبو نەبەء" لە کردەوەیەکی ناوازەدا لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کراوە.

وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک لە یەکیک لە وڵاتانەوە هاتووە بۆ عێراق، دەزگای هەواڵگری زۆر بە وردی چاودێری کردووە و لە هەوڵی ئەوەدابووە کە کۆبوونەوەیەک ڕێکبخات لەگەل مەفرەزە تایبەتەکانی ڕێکخراوی داعش لە دەوروبەری بەغدا.

جەختیشیکردەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ و ئەو سەرکردەیەی داعش بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی ناسراوە، کە پێشتر لەناو ڕێکخراوی قاعیدەدا کاریکردووە و دواتریش چووەتە ڕێزەکانی داعشەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا یەحیا ڕەسوڵ جەختیکردووەتەوە، ئەو سەرکردەی داعش ئەرکی ئیدارە و هەماهەنگی کاروچالاکییەکانی داعشی پێ سپێردراوە لە عێراق و ویستوویەتی چەندین مەفرەزەی ئەمنی و سەربازی  و میدیایی لە بەغدا و دەوروبەری دروستبکات، بەڵام بە دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو پیلانانەی پوچەڵکراونەتەوە و بەسەرکەوتنێکی گەورەش بۆ دەزگا ئەمەنییەکانی عێراق لەقەڵەم دەدرێت



ڕیکلام