هێرشبەرانی سەر چێشتخانەكەی سلێمانی لە كۆی 7 كەس 5 یان دەستگیركراون

  2020-11-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند ئەو كەسانەی لەسەر هێرشكردنە سەر خاوەن چێشتخانەكەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە پێنجیان دەستگیركراون و سكاڵاش لەسەر حەوت كەس هەبووە.

ئاسۆ شێخ تەها، بەڕیوەبەری گشتی پۆلیسی سلێمانی، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: دوای سكاڵای وەستا كامەران تا ئێستا ئەو كەسانەی هێرشیانكردە سەر چێشتخانەی كامەران لە گەڕەكی عەقاری پێنج كەس دەستگیركراون. 

ئەو روونیكردەوە بە گوێرەی سكاڵاكە حەوت كەس لە هێرشكردنەكەدا بەشداریان كردووە، بەڵام سكاڵاكار ناوی هەموویان نازانێت، رەتیشیكردەوە هیچ بەرپرسێك لە پشت رووداوەكە بێت. 

بەڕێوەبەری پۆلیس وتیشی، ئەو كەسانە بە مادەی 430ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر كراون، دادوەر بۆ خۆیشی بڕیار لە ماددە یاساییەكە دەدات بیگۆڕێت یان نا. 

ئاسۆ شَخ تەها روونیشیكردەوە، یەكێك لەوانەی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە تا ئێستا پۆلیس سێ جار چووەتە سەر ماڵەكەی، بەڵام لە ماڵەكەی هەڵهاتووە بۆیە بەدواداچون و هەوڵەكان بۆ دەستگیركردنی بەردەوامە. 

ئەوانەی دەستگیر كراون چواریان سەرباز بوون، كەسێكی دیكەش مەدەنی بووە، لەگەڵ خاوەن موڵكەكە تێكەڵ بوون، بە بێ پرسی بەرپسەكەیان لەگەڵیدا هاتوون و هێرشەكەیان ئەنجامداوە، لەدوای رووداوەكەش بەرپرسانی باڵای حزبی و حكومی هاتونەتە سەر خەت داوای دەستگیركردنی ئەو كەسانەیان كردووە.