ڕاوێژکاری سەربازی خامنەئی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران کاندید کرد

  2020-11-24  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حسین دەهقان وەزیری پێشووی بەرگری ئێران و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ئێستای عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، خۆی کاندید دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی وڵاتەکەی.

دەهقان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "ئامادەکاری خۆم دەردەبڕم بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢١دا و دەستدەکەم بە جێبەجێکردنی گەشە و پەرەپێدان بە کەمترین تێچوون".

ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئێران خۆی وا ناساند "ئەندامێکی نیشتیمانی و شۆڕشگێڕی هەموو توانایەکم هەیە لە ڕووی فیکری و ژیری و جێبەجێکردنەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی سیستم و شۆڕش".

وەک یەکەم کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دەهقان جەختیکردەوە، ئەو سەربە هیچ ڕەوت و تەوژمێکی سیاسی  تەقلیدی نییە لە وڵاتدا، لە محافیزکارەکان و ڕیفۆرمخوازەکان.

بەڵێنیشیدا بە دۆزینەوەی کەشێکی ئەرێنی بۆ لێکتێگەیشتن و کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی نیشتیمانی و کەشی گفتوگۆ لەگەڵ جیهان لەبەر ڕۆشنایی هێز و شکۆمەندییەوە.

دەهقان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧ پۆستی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی بەدەستەوە بووە، لە سەردەمی هەریەکە لە هاشمی رەفسەنجانی و محەمەد خاتەمی پۆستی جێگری وەزیری بەرگری بەدەستەوە بووە.

خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئیدارەی گشتی زانکۆی تاران و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ فەرماندەی هێزی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسداران بووە.

ڕاوێژکاری باڵای سەربازی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێرانە و یەکەم کەسایەتییە بەشێوەیەکی فەرمی خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی وڵاتەکەی کاندید دەکات، کە بە وتەی چاودێرانی دۆخی ئێران ئەگەری بوونی بە سەرۆکی داهاتووی ئێران بەهێزتر کردووە، بە تایبەت کە یەکێکە لە کەسایەتییە سەربازییەکانی ئێران.

هەندێکێش پێیان وایە، دەهقان دامەزراوەی ڕابەری باڵای ئێرانی لە پشتە، بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن نزیکە لە هاشمی رەفسەنجانی سەرۆکی کۆچکردووی پێشووی ئێران و سەرۆکی ئێستای ئێران حەسەن ڕۆحانی ، ئەوەش بەو مانایە دێت کە باڵی موحافیزکارەکان پشتگیری ناکەن.

چاودێرانی سیاسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئێران بە خاڵێکی بنەڕەتی دەزانن، لە مامەڵەی ئێران لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چونکە پێیان وایە دەبێت کەسێکی سەربازیی بەهێز لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا بێت، بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵوێستەکانی داهاتووی ئەمریکا، ئەگەر بێتوو واشنتۆن نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ تاراندا.



ڕیکلام