کتێبی کاغەزین و ئەنتەرنێت

  2020-11-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەبار جەمال غەریب

بەڕاستی کتێب ھاوڕێ ھەرە باشەکەی ئینسان بووە؟ ئینسان دەتوانێ دەستبەرداری ئەو ھاوڕێ پێنج سەد ساڵەی بێت؟ لە دوو دیدە نیگاوە:
- کتێب بۆ داھێنەرەکانی (ئەوروپا....)
- کتێب بۆ بەکابەرەکانی ( کورد...)
 گەشانەوەی ئەوروپا و دەرکەوتنی کتێب پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیان بەیەکەوە ھەیە، ھەر بۆیە لەو ماوەیەدا کتێب دیکۆر نەبووە، پێویستییەکی بەردەوامی خێزانی ئەوروپی بووە، لە ماڵ کتێب، لە ناو پاس و ترام کتێب، لە ناو بازاڕ و باخچە کتێب، لە دوکان و سەر شەقامەکان کتێب، لە سەر کار و پیاسە کتێب.
کتێب گەشەیەکی بێ وێنەی بە ئاستی بیرکردنەوە و ھەستی ئەوروپیەکان کردوە، بەڕادەیەک کە ھەموو ئەنجامگیریەکانی ژیانیشیان ھەر لە ڕێگای کتیبەوە دەستکەوتووە. ئەوەش فێری ھەزاراە شێوازی تازەی کردوون و ھەڵەکانی ژیانیان بەتەواوی کەمکردۆتەوە.
- کتێب بۆ لەزەت و خۆشی، کتێب بۆ چیرۆک و داستان، کتێب بۆ زانست و فێربوون ھەموو ئەو کتێبانەش بوونە بەشێک لە پێکھاتەوە و بیردنەوە و کولتور و جوویان.
ھەر لەبەر ئەوەشە ئەو پرسیارەی لەسەرەتاوە کردم (پرسیارێکە) بۆ فەزای ئەوروپا گونجاوە. ئایا ئەو ئینسانانەی کە تەمەنیان و ژیان بەسەر لاپەڕەکانی کتێبدا دابەش ببوو دەتوانن دەسبەرداری کتێب بن؟ ئایا ئەو مرۆڤگەلەی ڕووناکی چاو و کەوانەیی تیرەغەی پشتیان لە سەر لاپەرەکان جێھێشتوە، کتێب کاغەزین جێدەھێڵن؟ لەبەر ئەوەی ئەوە بابەتی من نییە و فەزای ژیانی ئێمەش نییە، تەنھا یەک ڕستەی لەسەر دەنووسم، کە بۆ وەڵامەکەی خۆشمان ڕێگا خۆشکەرە.
 ئەوان ناتوانن دەستبەرداری کتێب بن، بەڵام دەتوانن شێوازەکەی بگۆڕن. چۆن کتێب سەردەمێک لە سەر پێستە و سەردەمیک لەسەر قوڕ و سەردەمێک لە سەر تەختە و گەڵا نووسراوە، دەشێ سەردەمێکش لەسەر ئەو شاشە ڕووناکە بنووسرێ. ئەو وشانەی بتوانن ژیان بە بەرد و تەختە ببەخشن دەتوانن شاشەش پڕ بۆنی کتێب بکەن.
 
ڕێگایەکە تۆزێک ڕۆشنترە، بۆ ئەوەی لەگەڵ من ھەم بخوێننەوە ھەم وەڵامێکیش لای خۆتانەوە گەڵاڵەکەن. کورد لە کوێی کتێبدایە؟
با ئەو ڕاستییە قبوڵبکەین کە کورد سەد و یازدە ساڵە نووسینی مەکینە و ئامێر دەناسێت. 
 دەشکرێ بپرسین، ئەرێ کورد ئەو ماوەیە بەڕاستی دۆستی کتێبی کاغەزین بووە؟ دۆستێکی بە وەفا و ھەمیشەیی یان دۆستێکی لابەلای بووە؟    
کتێب واتا کتێبخانە، واتا ھێمنی و بیرکردنەوە، واتا دانیشمەندی.
لەکورتترین مانادا کتێب واتا خوێندەواری.
دیوێکی کتێب خوێندەوارییە. شارەزا و فێرخوازان، ئەوانەی گرینگی کتێبیان زانیوە، ڕێگا سەختەکانیشیان ھەڵبژاردوە، ئەویش ئەوەی کە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕەوشنبیری دەبێ گەل بخوێنیتەوە، کتێبپەروەر بێت. بۆ ئەوەی کتێبپەروەر بێت دەبێ خوێندەوار بێت. بۆیە قوتابخانەیان دروستکرد و ھانی خوێندنیاندا.
بەپێی لێکۆلێنەوەیەکی عەبدولئەحەد مەتی دەنحا، رێژەی نەخوێندەواری لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ناو ژنانی عیراقدا، لە شارەکاندا نەوت لە سەد بووە، لە گوندەکانیش نەوەد و نۆ لە سەد بووە. راستە پیاوان باشتر بوون، بەڵام بەرێژەیەکی ھێجگار زۆر نا.
لە کوردستان ئامارێکمان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو دیاردانەی کە سێبەریان ماوە دەتوانین، لێکیبدەینەوە. تەواوی خەڵکی گوندەکان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریک بوون. تاکە خوێندەواری گوند مەلای مزگەوت بووە، کە ھەیانبووبێ. 
بۆ شارەکان پێوەر جیاوازە، کتێبخانە، کتێبخانە پێوەری ڕاستەقینەیە. 
- کتێبخانەی گشتی
- کتێبفرۆشی 
- کتێبخانەی ماڵ
بۆ ھەموو لێکۆڵینەوەیەک داتا و زیانیاری پێویستە، بەڵام زۆر ڕاستیش ھەیە بەڵگە نەویستە، ئەوانەی بەڵگەنەویستن دەربارەی کتێبخانە:
- ساڵانی بیستەکانمان وەک یەکەم ناسینی کورد و پەڕەی چاپکراوی مەکینەیی دەستنیشانکرد. لە بیستەکان و سییەکان و چلەکان و پەنجایەکان و شەستەکان و تەنانەت حەفاکانیش ھیچ جۆرە کتێبخانەیەک لە گوندەکاندا نەبووە. لە کۆتای حەفتاکانیش بۆ ھەشتاکان گوندەکانی کوردستان گەورەترین زەبریان بەرکەوت و بەشی ھەرە زۆریان وێرانکران. ئەوەی ناکرێ لەبیریکەین ئەوەیە ڕێژەی دانیشتوانی گوندنشین زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کوردستان بووە.
- قەزاکان، قەزاکان کە مەبەست لە قەزا و گوندەکانی باشووری کوردستانە، کە دەشێ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش تاڕادەیەک ھاوشێوەبن، تا ساڵانی حەفتاکان بەدەگمەن کتێبفرۆشییان تێدابووە. بە ھەمان شێوە لە باشترین حاڵەتدا کتێبخانەیەکی گشتی کە وەک شوێنی خوێندنەوەی قوتابیان سەیردەکرا نەک خوێندنەوەی خەڵکی گشتی.
- لە شارەکان، ئەو کات خۆی لە شاری سلێمانی و ھەولێر و کەرکوک و (دھۆکدا) دەدیتەوە، لە ھەر یەکەیاندا یەک کتێبخانەی گشتیان تێدابووە. لە ھەر یەکەشیاندا چەند کتێبفرۆشێکی (بچووک) ھەبووە، کە ژمارەی کتێبەکانیان لە سەد دانەیەک تێپەڕی نەکردوە.
کتێبخانەی ماڵ
کتێبخانە دەبێ بە نەخشە و پلانی خانووەوە دیار بێت، واتا میللەتی خوێندەوار لە ناو خانووەکانیاندا چۆن، لە نەخشەی خانووەکانیاندا شوێنی تایبەت بە ژووری نووستن، ژووری نانخواردن، ھۆڵ و ژووری میوان ھەیە و بەشێکی لەبیرنەکراون لە نەخشەکەدا، بەڵام ھیچ شوێنێک بۆ کتێبخانە نییە، کتێبخانە بەشێک لە بیرکردنەوەی ئەندزایار و نەخشە ساز و وەستا و بیناساز داگیرناکات. ئەوەش دەلالەتی ئەوەیە خاوەن ماڵ شوێنێکی بۆ کتێبخانە ناوێ.
جگە لەو شوێنانەی باسمانکردن، شوێنێکی دیکە ھەیە بۆ کتێبخانە، ئەویش مێشکی تاکەکانە، ئەگەر ھەموو دنیا بکەی بە کتێب بۆ کەسێک کە لە نەخشەی مێشکیدا شوێنێک بۆ کتێبخانە نەبێ، بێسوودە.
لەگەل ھەموو ئەوانەشدا کورد خوێنەری ھەبووە، ئێستاش ھەیەتی، ڕاستە بەو ئاستە نییە کاریگەری ھەبێ لە سەر گۆڕینی بیرکردنەوەی گشتی و ژیانی ڕەوشنبیری نەتەوە، بەڵام خوێنەری ھەبووە. 
بەپێی بەڵگەیەک کە لە ڕۆژنامەی ژینی ژمارە ١٢٨٨ی ڕۆژی ١٥\٣\ ١٩٥٦ بڵاوکراوەتەوە ئەو ساڵانە زەمەنی زێڕینی خوێندنەوە بوون.
(کتێبخانەی گشتی - خوێندنەوەی کتێب لە مانگێکدا
ژمارەی خوێنەرانی کتێبخانەی گشتی لە مانگی شوباتی ڕابردووی ساڵی ١٩٥٦دا (٨٤٢) کەس بوون. لە مانە زۆرترینی کتێبی کوردی و ئینجا عەرەبی و و فارسی و ئینجا ئینگلیزی و فارسی و تورکی و موجەلاتیان خوێندۆتەوە. لە وانە (٦٠)یان کچ بوون. عەبدولکەریم عارف...مەئموری مەکتەبەی عام.)
ئەو ھۆیان چی بوون، لەو ساڵانەدا خەڵکیان بەرەو کتێبخانەکان ڕاکێشاوە؟ ئایا کتێبی کاغەزین بووە؟  ناوەڕۆک یان شێوەی ژیانی ئەو کات و ڕەوتە سیاسییەکان بوون؟ 


ڕیکلام