سوید.. دایکێک نزیکەی 30 ساڵ کوڕەکەی لەماڵەوە زیندانی کردووە

  2020-12-01  | 
ستۆکهۆڵم
لە سوید دایکیک نزیکەی 30 ساڵ کوڕەکەی لەماڵەوە زیندانی کردووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە تۆمەتی زیندانیکردنی کوڕەکەی بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵ، پـۆلیسی سوید ژنێکی تەمەن 70 ساڵی دەستگیرکرد.

ئیما ئۆلسۆن، داواکاری گشتی ستۆکهۆڵم بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو خزمێکی ژنەکە بەو رووداوەی زانیوە کاتێک کوڕەکەی لە دۆخێکی زۆر خراپدا بینیوە لە ژوورێکی ئاپارتومانی ژنەکەدا، وتیشی پـێدەچێت بۆ نزیکەی 30 ساڵ لەوێدا بووبێت.

بەپـێی چەند ڕۆژنامەیەکی سویدی کوڕەکە کە ئێستا پـیاوێکە و تەمەنی 40 ساڵە، لە تەمەنی 12 ساڵیـیەوە نەچووەتەوە قوتابخانە، بۆیە لەوانەیە لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردوودا بەو شێوەیە زیندانی کرابێت.

بەرپرسانی پۆلیسی سوید ناوی ژن و کوڕەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە کە کوڕەکە لە حاڵەتێکی بەدخۆراکی خراپدابووە و دانی لە دەمدا نەماوە و نەیتوانیوە قسە بکات و چەندین برین بە جەستەوەی هەیە و کاتێک کە چوونەتە سەری، تەنیا لەسەر بەتانیـیەک بووە لە ژورەکەدا، دەشڵێن، ژوورەکەی بۆنی کەڕووی لێدەهات و باس لەوەش دەکەن هێندە بێهێزبووە نەیتوانیوە بەپـێی خۆی بڕوات.

داواکاری گشتی ستۆکهۆڵم راشیگەیاندووە، دایکەکە رەتیدەکاتەوە کوڕەکەی زیندانی کردبێت یان ئازاری جەستەیی دابێت و لە ئێستادا پـۆلیس بەردەوامە لە لێکۆڵینەوکانی لە رووداوەکە.

دۆن سۆمبۆن کە ئەندازیارێکە و لە نزیک ئەو ئاپارتومانە دەژی، بە ئاژانسی فڕانسپـرێسی راگەیاندووە، "تووشی شۆک بووین ئەم رووداوەمان بیست کە لە نزیکمانەوە ڕوویداوە".

هاوکات کچێکی تەمەن 24 ساڵیش کە هەر لەو ناوچەیە دەژی، رایگەیاندووە، "ڕووداوێکی ترسناکە، بە ڕاستی من لەم ناوچەیە گەورەبووم و هەمیشە هەستم کردووە ئەو ژنە ئاسایی نیـیە ."

تاوەکو ئێستاش هۆکار و پاڵنەری ئەو رووداوە نازانرێت و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەوبارەیەوە بەردەوامە.



ڕیکلام